ڕاوێژی پزیشکی شەرعی

دیدێكی پزیشكی بۆ فەرموودەی هەنگوین


ئەبووسەعید سەعدی كوڕی مالیكی ئەنصاری دەگێڕێتەوە: جارێك كەسێك هات بۆ لای پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) و وتی براكەم تووشی سكچوون بووە، پێغەمبەریش (صلی الله علیە وسلم) فەرمووی (اسقە عسلا) (هەنگوینی بدەرێ با بیخواتەوە)، كابرا رۆیشت و هەنگوینی دا بە براكەی و دواتر هاتەوە و وتی ئەی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) هەنگوینەكەم پێدا سكچوونەكەی زیاتر بوو،[1] پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) فەرمووی هەمدی هەنگوینی پێ بدە، كابرا رۆیشت و هاتەوەو هەمان شتی وت، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دیسان ناردیەوە هەتا هەنگوینی پێ بدات، كابرا هەمدی هاتەوەو وتی چاك نەبووە، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) فەرمووی (صدق الله و كذب بطن أخيك، اسقه عسلا) (خوا راست دەفەرموێت و سكی براكەت درۆ دەكات، بڕۆ هەنگوینی بدەرێ با بیخواتەوە)، كابرا هەمدی رۆیشتەوەو هەنگوینەكەی پێ دا، براكەی چاك بوویەوە.[2]

لەم فەرموودەدا:

یەكەم: ئاماژەیە بەوەی هاوەلان لە ورد و درشتی ژیانیاندا پرسیان بە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) كردووەو تا توانیویانە هەوڵیان داوە فێری شتێكی زیاتر ببن و هەرچیەكیان هەبووبێت گێڕاویانەتەوە بۆ لای پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم).

دووەم: هاوەڵەكە دڵنیابووە لە راستی فەرمایشتی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بۆیە خێرا چووە جێبەجێی كردووە.

سێهەم: هاوەڵەكە كە بینیویەتی ئیشكالێ لە ئەنجامی چارەسەر و نەخۆشیەكەدا هەیە، دەستەوسان نەوەستاوەو بابەتەكەی بردۆتەوە بۆ لای پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) هەتا روونكردنەوەی زیاتری پێ بدات، واتە نەخۆش دەبێت بە یەكجار چوونە لای پزیشك وازنەهێنێت و بەردەوام لە پەیوەندیدا بێت.

چوارەم: هاوەڵەكە دڵنیابووە كە كێشەكە لە رێنماییەكەی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) نیە، بۆیە كە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) چەند جار كردارەكەی پێ دووبارە دەكاتەوە، هاوەڵەكە بێ ئەملاولا جێبەجێی دەكات.

پێنجەم: پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) هەم ئەو هاوەڵەو هەم موسڵمانان فێر دەكات كەمتەرخەم نەبن لە وەرگرتنی كۆرسی چارەسەردا و مەرج نیە بە یەكجار بەكارهێنانی دەرمان و چارەسەر چاك ببنەوە، بەڵكو دەبێت تەواوی كۆرسەكان تەواو بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری تەواوەتی وەربگرن.

شەشەم: مەبەست لە فەرمایشتی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) لەوەی فەرمووی (خوا راست دەكات) ئاماژەیە بە فەرمایشتی خوای گەورە لە قورئاندا كە هەنگوینی بە شیفا و چارەسەر باسكردووە، مەبەستیش بە (سكی براكەت درۆ دەكات) ئەوەیە سكی براكەت وا نیشان دەدات بێتاقەتەو سوودی لە چارەسەرەكە وەرنەگرتووە، بەڵام وا نیە چارەسەرەكە وەلآمی داوەتەوەو سكی براكەت سوودی لێوەرگرتووە بەڵام وادەی چارەسەرەكە ماویەتی.

 



[1] - رواه البخاري، الرقم 5393.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 5367، صحيح مسلم، الرقم 4202.