ڕاوێژی پزیشکی شەرعی

ئەوانەی نەخۆشی گورچیلەیان هەیە دەتوانن بەڕۆژوو نەبن؟


ئەو نەخۆشانەی گورچیلەیان سستە و بە شێوەیەكی كتوپڕ تووشبوون، ئەوانەی لە مانگی یەكەمی تووشبوونیاندان دەتوانن بەڕۆژوو نەبن، زۆرجاریش واجب ئەبێت بەڕۆژوو نەبن، چونكە پێویستیان بە چارەسەرە و دەبێت ئاوی زۆر بخۆنەوە و شوشتن(غەسل)ی گورچیلەیان بۆ بكرێت. ئەو كەسانەش کە تووشی ئازارێكی زۆری گورچیلە دەبن یان بەردی گورچیلەیان دائەبەزێت، ئەمانەش دەتوانن بەڕۆژوو نەبن. حاڵەتێكی تر بریتییە لە سستی گورچیلە بە شێوەیەكی بەردەوام، ئەو كەسانە میز دەرناكەن و میزەكە دەگەڕێتەوە و نەخۆشەكە هەناسە توندی و بێتاقەتی و قاچ ئاوسانی تووش دەبێت، ئەو كەسانە دەتوانن لە ڕۆژانی غەسلەكەیاندا بە ڕۆژوو نەبن و ڕۆژەكانی تر ڕۆژوو بگرن. ئەو كەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە، جاران وادەزانرا ڕۆژوو دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی گورچیلە و كەڵەكەبوونی بەرد، بەڵام توێژنەوەی نوێ ئەوەی دەرخستووە كە ڕۆژوو هۆكارێكە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی بەردی گورچیلە، بۆیە ئەو نەخۆشانە دەتوانن بەڕۆژووبن، بە مەرجێك پارشێوان بتوانن ئاو زۆر بخۆنەوە و ئێوارانیش زوو بەربانگ بكەنەوە. ئەو كەسانەی یەك گورچیلەیان هەیە، خەڵكێك ئەمە بە نەخۆشی دەزانن، بەڵام لە بنەڕەتدا هیچ كێشەیەكی نییە، وە گورچلەیەك توانای هەیە هێندەی دوو گورچیلە بئاوسێت و هەمان كار بكات كە دوو گورچیلە دەیكەن، بۆیە ئەو كەسانە دەتوانن بەڕۆژوو بن و كێشەیان نییە. بە شێوەیەكی گشتی تەنها لە حاڵەتی ئازاری كتوپڕ یان سستی كتوپڕدا دەكرێت ڕۆژوو نەگرن، بەڵكو ڕۆژووگرتن پشوویەك دەدات بە گورچیلەكان.