ڕاوێژی پزیشکی شەرعی

ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە دەتوانن بەڕۆژوو نەبن؟


نەخۆشی شەكرە لە ئەنجامی زۆرخواردن، یان قەڵەوییەكی زۆر، یان چەندین هۆكاری ترەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، ئەم ڕۆژانەش لە جیهاندا بە گشتی و لە وڵاتی خۆشماندا بە تایبەتی ڕوو لە هەڵكشانە، بە تایبەتی تر لە تەمەنی(٤٠) چل ساڵییەوە، هەموو مرۆڤێ پێویستی بەوەیە پارێز بكات لە هۆكارەكانی تووش بوون بە نەخۆشی شەكرە، یان بەرزبوونەوەی شەكرە. ئەو نەخۆشانەی تەنها بە پارێزكردن چارەسەر دەبن، زۆر بە ئاسایی دەتوانن بە ڕۆژوو بن، بگرە ڕۆژوو چارەسەرە و نەخۆشەكە بە لاوازبوون شەكرەكە ئەپەڕێنێ. ئەو كەسانەی چارەسەری بەردەوامیان هەیە بۆ نەخۆشی شەكرە، ئەوانەی دوو حەب دەخۆن، دەتوانن لە پارشێودا نیو حەب بخۆن و لە بەربانگدا یەك حەب بخۆن بۆ ئەوەی تووشی دابەزینی شەكر نەبن، چونكە دابەزینی مەترسیدارترە لە بەرزبوونەوەی. ئەو كەسانەی لە كاتی ڕۆژووگرتندا شەكرەیان دائەبەزێت، تووشی سەرئێشە و گێژبوون و بێهێزی دەبن، ئەمانە بە ناچاری دەبێت ڕۆژووەكەیان بشكێنن. بە گشتی ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، هەركات بێتاقەت بوون و بێهێزی و سەرئێشەیان تووشبوو دەتوانن ڕۆژووەكەیان بشكێنن. ئەو نەخۆشانەی لە پێش تەمەنی (٣٠) سی ساڵی و لە گەنجیدا تووشی شەكرە بوون، ئەمانە دەتوانن بە ڕۆژوو نەبن. ئەو نەخۆشانەی بە ئەنسۆلین بەندن، دەتوانن بە ڕۆژوو نەبن. ئەو كەسانەی سێ ژەم حەبیان هەیە، واتە لە سێ جار زیاتر چارەسەر وەربگرن، ئەم نەخۆشانە دەتوانن بەڕۆژوو نەبن. ئەو نەخۆشانەی شەكرەیان بەرز و نزم ئەكات و كۆنتڕۆڵی سەختە، دەتوانن بە ڕۆژوو نەبن. ئافرەتی دووگیان كە شەكرەی هەیە دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت. ئەو نەخۆشانەی ماوەیەكی زۆر تووشی شەكرە بوون و زیان بەر جەستەیان كەوتووە، وەك زیان گەیشتن بە چاویان، ئەمانەش دەتوانن بە ڕۆژوو نەبن. ئەو نەخۆشانەی بە هۆی شەكرەوە زۆر دەخەوێنرێن، ئەمانەش دەتوانن بەڕۆژوو نەبن. ئەو نەخۆشانەی شەكرەیان هەیە و بەڕۆژوو دەبن، پێویستە پێش ڕەمەزان سەردانی پزیشكی تایبەت بكەن بۆ ئەوەی ڕێنمایی پێویستیان پێ بدات، پاشان پێویستە ئاوێكی زۆر بخۆنەوە، كە بەربانگیان كردەوە بە چەند دەنكە خورمایەك و پاشان وەجبەیەكی سووكی خواردن بخۆن، دوای گەڕانەوە لە تەڕاویحیش وەجبەیەكی تری سووك خواردن بخۆن، پارشێوانیش پێش بانگی بەیانی وەجبەیەك نان بخۆن.