نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

هەوکردنی کورت خایەنی مەمک



بریتییە لە ھەوکردنی شانەکانی مەمک، کە ھەندێک جار تووشبوون بە بەکتریای لەگەڵدا دەبێت، ئەم ھەوکردنە دەکرێ بە دوو جۆری سەرەکییەوە:
١-ھەوکردنی شانەکانی مەمک لە ئافرەتانی شیردەردا.
٢-ھەوکردنی شانەکانی مەمک لەو ئافرەتانەی شیرنادەن.

ھەوکردنی مەمک لە ئافرەتانی شیردەردا:
بریتییە لەھەوکردنی شانەکانی مەمک لەماوەی شیرپێدانی کۆرپەدا، وە بە باوترین جۆری ھەوکردنی مەمک دادەنرێ، کە دەبێتە ھۆی پەرێشانی دایک، وە زۆرجار وادەکات دایکەکە پێش وادەی خۆی منداڵەکەی لەشیر ببڕێتەوە.

نیشانەکانی:

١-ئازاری بەردەوامی مەمک بەشێوەی پلدان.
٢-سووربوونەوە و گەرم داھاتنی مەمک و بوونی ئازار لەکاتی دەستلێدان.
٣-ھەڵئاوسانی مەمک.
٤-سووتانەوە و ئازاری مەمک لەکاتی شیرداندا.
٥-ئەستوور بوونی شانەکانی مەمک .
٦-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.

ھۆکارەکانی:
١-ھۆکاری سەرەکی بریتییە لە مانەوەی شیر لەمەمکدا، کە ڕوودەدات بەھۆی کەمی شیرپێدان و خاڵینەبوونەوەی مەمک لەشیر، یان بەھۆی گیرانی جۆگەکانی شیرەوە.
٢-چوونە ژوورەوەی بەکتریا لەدەمی کۆرپەوە یان لەپێستی دایکەوە بۆناو شانەکانی مەمک، ئەمەش ڕوودەدات لەڕێگەی کرانەوەی جۆگە شیرییەکان، یان ئەو قڵیش و برینانەی لەگۆی مەمکدا دروستبوون .

ئەو ھۆکارانەی کە تووشبوون بەھەوکردنی شانەکانی مەمک زیاد دەکەن:
- بوونی برین و قڵیش لەگۆی مەمکدا.
- شیرنەدان بە کۆرپە یان شیرپێدانی کەمتر لە پێویست، شیرپێدان بەشێوەیەی نادرووست.
- پاک ڕانەگرتنی گۆی مەمک.
- بوونی ھەوکردن لەدەمی کۆرپەدا.
- بەکارھێنانی ستیانی توند، یان پەستان خستنەسەر مەمک لەکاتی شیرپێداندا، کەدەبێتە ھۆی مانەوەی شیر لەجۆگەکانی شیردا.

ھەوکردنی مەمک لەو ئافرەتانەی شیرنادەن:
بریتییە لەھەوکردنی شانەکانی مەمک لە ھەرئافرەتێکدا کە پەیوەست نییە بەبوونی شیر و شیردان، وە بە ڕێژەیەکی کەمتر ڕوودەدات بەبەراورد بە ھەوکردنی مەمک لە ئافرەتانی شیردەر، ئەم ھەوکردنە بەزۆری ڕوودەدات لەکاتی بوونی برین و قڵیش لەگۆی مەمکدا و لەکاتی بوونی چەند کێشەیەکی مەمک، وەک فراوانبوونی جۆگەکانی شیر.
جگەرەکێشان و بوونی نەخۆشی شەکرە ھۆکاری مەترسیدارن بۆ توشبوون بەم ھەوکردنە، لە نیشانەکانی سووربوونەوە و ھەڵئاوسانی بەشەکانی دەوری گۆی مەمک و بوونی ئازار لەکاتی دەست لێداندا،   وە ھەندێکجار چوونە ناوەوەی گۆی مەمک ڕوودەدات.

چارەسەر:
١- ئافرەتانی شیردەر پێویستە بەردەوامبن لەشیردان بە منداڵەکانیان، چونکە مانەوەی شیر دەبێتە ھۆی بەردەوامبوونی ھەوکردنەکە.
٢- بەکارھێنانی دەرمانی دژەزیندەییەکان بۆ لەناوبردنی وردبینە زیندەوەرەکان (بەکتریا) و پاککردنەوەی ھەوکردنەکە.
٣- ئازارشکێنەکان بەکاردەھێنرێ لەکاتی بوونی ئازاری زۆر و تونددا.
* ئەگەر ئەم ھەوکردنە بەزوویی چارەسەر نەکرێ لەوانەیە سەربکێشێ بۆ دروستبوونی کێم و کۆبوونەوەی بە شێوەی دوومەڵ، لەم کاتەدا پێویست بە دەرھێنانی ئەو کێم و دوومەڵە دەکات بەدەرزی، یان بە نەشتەرگەری.