ناسۆر کیسێکە یان بۆشاییەکە کە موو و کێم (چڵک)ی تیادا کۆدەبێتەوە، لە ئەنجامی لوولبوونی مووەکان و چوونە ناوەوەی بۆناو پێست دروستدەبێت و پاشان نیشانەکانی دەردەکەوێت، زیاتر لە نێوان تەمەنی ھەرزەکاری و تا پێش (٤٠)چل ساڵی ڕوودەدات، ناسۆر نەخۆشییەکی باوە بەڵام دەرکەوتنی لەنێوان مەمکەکان دەگمەنترە و ئەم حاڵەتەش زیاتر لە ئافرەتان ڕوودەدات.
ھۆکارەکانی دروستبوونی ناسۆری نێوان مەمکەکان چییە؟
ھۆکاری سەرەکی نەزانراوە، بەڵام ئەم ھۆکارانە ئەگەری دروستبوونی زیاددەکەن:
١- زۆری مووی لەش
٢- مانەوەی مووەکە بۆماوەیەکی زۆر لە درزی نێوان مەمکەکان و پاکڕانەگرتنی شوێنەکە
٣- شێداری پێستەکە بۆماوەیەکی زۆر
٤- بوونی زام و برین لە درزی نێوان مەمکەکان
٥- بوونی نەخۆشییەکە لە ئەندامانی تری خێزان
٦- قەڵەوی و گەورەیی مەمکەکان
نیشانەکانی ناسۆری نێوان مەمکەکان:
-ئازار، خوران، سووربوونەوە و ئاوسان
-دەردراوی ناوبەناو
-ھەوکردن و دروستبوونی دوومەڵ
-ھاتنەدەرەوەی کێم و خوێناو بەشێوەی شلەیەکی زەردباو و بۆنی ناخۆشی برینەکە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی (تا)، لاوازی.
چارەسەرەکان:
- ئەگەر ناسۆرەکە تەشەنەی نەکردبێ و دوومەڵی دروست نەکردبێ، چارەسەرەکەی بەبێ نەشتەرگەرییە، بە پاک و خاوێن ڕاگرتنی شوێنی نەخۆشییەکە و لابردنی مووەکانی نزیک ناسۆرەکە و وەرگرتنی ئازارشکێن و دژە بەکتریا.
- لەحاڵەتی دروستبوونی دوومەڵ، برینێک لەسەر دوومەڵەکە دروستدەکرێ و دەکڕێنرێت (کورتاج دەکرێ)، وە بەتەواوی پاکدەکرێتەوە لە خوێن و پیسی و مووەکانی ناوی، ئەگەر ھەوکردنەکە دانەمرکایەوە بەتەواوەتی ئەوا نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، برینەکەش دەتوانرێت دابخرێتەوە(بدوورێتەوە)، یان بەکراوەیی بەجێبھێڵرێت و ڕۆژانە تەداوی بکرێت تا خۆی چاکدەبێتەوە.
- لەھەموو حاڵەتێکدا ناسۆر ئەگەری سەرھەڵدانەوەی ھەیە.