نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

هەوكردنی درێژخایەنی مەمك


ئەوھەوکردنەیە کە شانەیەک لە خانەکانی سیستمی بەرگری (Multinucleated giant cells) لەجۆری خانەی زەبەلاحی فرە ناوک کۆدەبنەوە لە بەشێک یان زیاتری مەمکدا، کە دەکرێت وەک گرێیەک ھەستی پێبکرێت، ئەم حاڵەتە زیاتر لەو ئافرەتانەدا دەبینرێت کە لە تەمەنی منداڵ خستنەوەدان و بەتایبەتتر لەدوای دووگیانی .

ھۆکار و نیشانەکانی  ھەوکردنی درێژخایەنی مەمک :
تائێستا ھۆکاری ئەم نەخۆشییە بەتەواوەتی نەزانراوە، بەڵام لەوانەیە ھۆکارەکەی (autoimmune) بگەڕێتەوە بۆ کردەی خۆخۆری، واتە بەرگری لەش خۆی ھێرش دەکاتە سەر خۆی .

لە نیشانەکانی ئەم حاڵەتە کە بەزۆری لەیەک لادا بەدەردەکەوێت:
١- ئازار و ھەستکردن بەگرێ لەشوێنی ھەوکردنەکەدا.
٢- ھەندێک جار سووربوونەوە و ھەڵئاوسان.
٣- چوونە ناوەوەی گۆی مەمک.
٤- برین لەو شوێنەدا.
٥- یان وەکو دوومەڵێک بەدەردەکەوێت.

چۆن ھەوکردنی درێژخایەنی مەمک دەستنیشان دەکرێت و پێویستی بەچ جۆرە پشکنینێکە؟
لەدوای ھەبوونی نیشانەکانی ئەم حاڵەتە باشترین پشکنین کە ئەبێت بکرێت بریتییە لە شانه هەڵگری مەمک لەجۆری (core needle biopsy) شانەھەڵگری ناوکیی،واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا.
کەتیایدا کۆمەڵێک لەخانەی زەبەلاحی  فرەناوک(Multinucleated giant cells)، بەتایبەت لەدوای وردەکاری تاقیگە دەبیندرێت.

ئایە ھەوکردنی درێژخایەنی مەمک ھیچ چارەسەرێکی ھەیە، وە ئایە دەکرێت بەتەواوی چاکببیتەوە؟
کاتێک ئەم نەخۆشییە بەتەواوەتی دەستنیشانکرا، بەشێوازێکی گشتی دەرمان(prednisolone) بەکاردەھێنرێت بۆ چارەسەر کردن .
لە ھەندێک کاتدا پێویست بە نەشتەرگەری دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە تاوەکو ئێستا چارەسەرێکی دیاریکراوی ئەم حاڵەتە نییە، بەڵام دەکرێت چارەسەربکرێت بەتەواوەتی.