نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

گرێ و هەڵئاوساوی مەمک


 بریتییە لە ھەڵئاوسان یان بەرز بوونەوە لە مەمکدا، دەکرێت دانەیەک یان زیاتر بێت، گرێکان جیاوازن لە قەبارە و پێکھاتە، دەکرێت بچووک بێت یان گەورە، دەکرێت گرێکە نەرم بێت یان ڕەق، ھەندێک گرێ دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازار، لە کاتێکدا ھەندێکی دیکەیان ئازار دروست ناکەن. بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت لە ژنان و لە پیاوانیشدا دروستبێت، بەڵام زۆرتر لە ژناندا باوە، خۆشبەختانە زۆربەی گرێکان پاکن لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەمیان شێرپەنجەیین.

ئەو ھۆکارانە چین کە دەکرێت ببنە ھۆی دروستبوونی گرێ؟
چەند ھۆکاری جیاوازی ھەیە، لەوانە:
- دروستبوونی کێم یان جەڕاعەت لە مەمکدا.
- کیس.
- مردن و تێکشکانی چەورییە شانەکان، بەتایبەتی لەدوای بەرکەوتنی مەمک بە زەبرێکی بەھێز.
- لووی پاک(نا شێرپەنجەیی).
- لووی شێرپەنجەیی.

چۆن گرێی مەمک دەناسرێتەوە و دەستنیشاندەکرێت؟
زۆر جار دەکرێت گرێکە ھەست پێبکرێت وەک بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی یان تۆپەڵبوونێک لە مەمکدا، لەلایەن خانمانەوە کاتێک لە ماڵەوە پشکنینی مەمک بۆ خۆیان ئەنجام دەدەن، یان لەکاتی پشکنینی ساڵانەی مەمک لە سەنتەرە پزیشکییەکان، یانیش لە کاتی سەردانی کردنی پزیشک و ئەنجامدانی پشکنین بۆ ھەر کێشەیەک لە مەمکدا ھەبێت، وە دەکرێت پشت ڕاست بکرێتەوە بەگرتنی وێنەی تیشکی لەوانە:مامۆگرام ، سۆنەر، تیشکی تەنوری .

ئەی چۆن چارەسەر دەکرێت؟
ھەرکاتێک گرێ دروستبوو لە مەمکدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت گرێکە شێرپەنجەییە یان نا، وە بە پێی جۆری گرێیەکە چارەسەری گونجاو وەربگیرێت.
گەر دەرکەوت گرێیەکە پاکە و شێرپەنجەیی نییە، زۆر جار پێویست بە ھیچ چارەسەرێک ناکات، تەنھا چاودێری کردنی نەبێت بۆ دیاری کردنی ھەر گۆڕانێک کە ڕوو بدات لە گرێکەدا، بەڵام گەر قەبارەی گرێکە زۆر گەورە بوو، یان ژمارەیان زۆر بوو، یان ناڕەحەتی و ئازاری بۆ نەخۆشەکە دروستکردبوو، لەوانەیە پێویست بە لابردنی گرێکە بکات.
گەر ھاتوو گرێکە شێرپەنجەیی بوو، چارەسەر دەکرێت بە (نەشتەرگەری، چارەسەری کیمییای، تیشک) بە پێی گرێکە و بڵاوبوونەوەی بە لەشدا.