دوومەڵ بریتییە لە کۆبونەوەی خانەی مردوو و خانەکانی تایبەت بە ھەوکردن لە بەشێکی دیاریکراوی مەمکدا، کە زۆربەی کات بەھۆی ھەوکردنی مەمکەوە دروستدەبێت.
کێ تووشی دوومەڵی مەمک دەبێت؟
دوومەڵی مەمک بەزۆری لە نێوان خانمانی تەمەن ( ١٨ – ٥٠ ) ساڵ ڕوودەدات، کە لە تەمەنی مناڵبوون و شیرداندان. ھەندێکجار دوومەڵ لە خانمانی دەرەوەی تەمەنی شیردان و مناڵبوون ڕودەدات، تەنانەت ھەندێکجار ھەوکردنی مەمک لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا ڕوودەدات.
جۆرەکانی دوومەڵی مەمک و ھۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە:
١- دوومەڵی ماوەی دووگیانی و شیردان: بەھۆی گواستنەوەی بەکتریای نیشتەجێی دەمی منداڵ بۆ مەمکی دایک لەڕێگەی قڵیشی گۆی مەمکەوە ڕوودەدات لە خانمانی شیردەردا.
٢- دوومەڵی دەرەوەی ماوەی دووگیانی و شیردان: کە بەھۆی گیرانی بۆڕی شیرەوە ڕوودەدات (زیاتر لەو کەسانە ڕوودەدات کە گرفتی زیادەی کێشیان ھەیە یاخود جگەرە دەکێشن).
نیشانەکانی:
١- بوونی گرێ لە مەمکدا.
٢- ئازار.
٣- لەرز و تا.
٤- سووربوونەوە و ئاوسان.
٥- گەورەبوونی لیمفە گرێکانی ژێر باڵ.
ھۆکارەکان:
أ) ھەوکردن:
- بەکتریا ( S.aures)
- کەڕوو ( Candidia)
- بەکتریای سیل ( Mycobacterium)
- گرانەتا ( Typhoid)
- ھتد..
ب) ھۆکاری تر:
- فراوانبوون و گیرانی بۆڕی شیر.
- بوونی تەنی بێگانە لە مەمکدا ( چاندنی سلیکۆن ).
- ھەوکردنی درێژخایەن بەبێ بوونی زیندەوەری بەرپرس لەم ھەوکردنە(
(Granulomatus mastitis
ئەو کەسانە کێن ئەگەری تووشبوونیان بە دوومەڵی مەمک زیاترە؟
١- دوومەڵی ماوەی دووگیانی و شیردان:
- یەکەم دووگیانی لە تەمەنی (٣٠) ساڵیدا
- ماوەی دووگیانی زیاتر لە (٤١) ھەفتە
- ھەوکردنی مەمک (Mastitis)
٢- دوومەڵی دەرەوەی ماوەی دووگیانی و شیردان:
- قەڵەوی
- جگەرەکێشان
- نەخۆشی شەکرە
دەتوانم بەردەوام بم لە شیردان؟
بەڵێ، پێویستە بەردەوام بێت، تەنھا لەو کاتانەدا نەبێت کە ئەو چارەسەرەی بەکاریدەھێنێت بۆ دوومەڵی مەمک ڕێگەپێنەدراوبێت لە منداڵدا، یاخود چارەسەری دوومەڵەکەی بە نەشتەرگەری بۆ کراوە.
کاریگەرییە لاوەکیەکان:
-ڕاگرتنی شیردان
- بەجێمانی شوێنی برین
- شێواوی لە مەمکدا
- ناسۆری مەمک
چارەسەر:
- بە دەرمان: ئازار شکێن، دژە ھەوکردن و دەرکردنی شیری مەمک.
- نەشتەرگەری.
لە چ کاتێکدا پێویستم بە نەشتەرگەرییە؟
لەکاتێکدا چارەسەر بە دەرمان یاخود دەرھێنانی دوومەڵ بە دەرزی و لەژێر سۆنەردا سەرکەوتوو نەبێت.