ئازاری مەمک نیشانەیەکی باوە و (٧٪)ی خانمان لە ژیانیاندا ھەستی پێدەکەن، ئازارەکە لە شێوەی سووتانەوە یان توند بوونی مەمک دەبێت، دەکرێت ناوبەناو یان بەردەوام بێت، وە بەگوێرەی ئاستی ھەستپێکردنی ئازارەکە دوو جۆرمان ھەیە:
- ئازاری کەم بۆ مامناوەند: ئەم ئازارە کورت مەودایە و بە (٢-٣) ڕۆژ بەر لە سووڕی مانگانە ھەستی پێ دەکرێت، (٤٥٪) ئەو خانمانەی ئازاری مەمکیان ھەیە لەم جۆرەن.
- ئازاری مامناوەند بۆ زۆر توند: ئەگەر ئازارەکە ماوەی ھەفتەیەک یان زیاتر بخایەنێت، ھەموو مانگێک و پێش سووڕی مانگانە دەستیپێبکات، وە ھەندێک کاتیش تا کۆتایی سووڕەکە بەردەوام بێت، نزیکەی(٢١٪)ی ئافرەتان لەم جۆرە ئازارەیان ھەیە.
پۆلێن کردنی ئازاری مەمک بە گوێرەی ھۆکارەکانی:
- ئازاری پەیوەست بەسووڕی مانگانە: (٦٥٪)ی حاڵەتەکان لەم جۆرەیە و زیاتر لە خانمانی تەمەن(٢٠-٤٠) ساڵدا ھەستی پێدەکرێت، ھۆکارەکەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ گۆڕانکاری لە ئاستی ھۆڕمۆنەکان بە درێژایی سووڕەکە، ئازاری لەم جۆرە بە زۆری لەھەردوو مەمکدا ھەستی پێدەکرێت.
- ئازاری ناپەیوەست بە سووڕی مانگانە: (٣٠٪)ی حاڵەتەکان لەم جۆرە ئازارەن، زیاتر لەو خانمانەدا دەبینرێت کە تەمەنیان سەروو (٥٠) ساڵە و سووڕی مانگانەیان نەماوە، ئازاری لەم جۆرە بەزۆری لە یەک مەمکدا ھەستی پێدەکرێت.
ھۆکارەکانی ئازاری مەمک:
١- گۆڕان لە ئاستی ھۆڕمۆنەکانی جەستە بەھۆی سووڕی مانگانە.
٢- گۆڕان لە پێکھاتەی مەمک، وەک دروستبوونی کیس، فراوانبوون یان ھەوکردنی بۆڕی شیر.
٣- ھەندێک چارەسەری پزیشکی ھەن ئازاری مەمک دروستدەکەن، وەکو حەبی ڕێگری دووگیانی یان ھەندێک حەبی دژە خەمۆکی.
٤- قەبارەی مەمک: ئازاری مەمک لەو خانمانەدا زیاترە کە قەبارەی مەمکیان گەورەترە.
٥- ھەندێک کات پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئازار لە مەمکەکەدا دروستدەبێت، بەتایبەت لە شوێنی برینی نەشتەرگەرییەکەدا.
٦- تەنھا (٥٪)ی شێرپەنجەی مەمک ئازار تیایدا یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکان.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەین؟
١- ئەگەر ئازارەکە زیاتر لە دوو ھەفتەی خایاند.
٢- ئەگەر ئازارەکە زیاتر و بەھێزتر ببێت بە تێپەڕبوونی کات.
٣- ئەگەر ئازارەکە زیاتر لە شوێنێکی دیاریکراودا ھەستی پێبکرێت.
٤- ئەگەر ئازارەکە کاربکاتە سەر کارەکانی ڕۆژانە.
٥- ئەگەر ئازارەکە لەو خانمانەدا بێت کە سووڕی مانگانەیان نەماوە.
چۆن ھۆکاری ئازارەکە دەستنیشاندەکرێـت؟
١- پشکنینی تایبەت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ
٢- سۆنەر
٣- مەمۆگرافی
٤- شانه هەڵگری مەمک ،واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا.
چۆن چارەسەر دەکرێـت؟
١- دانانی جەوەنە یان خاولی گەرم لەسەر شوێنی ئازارەکە.
٢- پۆشینی ستیانی قەبارە گونجاو لەکاتی ڕۆژدا، وە ستیانی شل لەکاتی حەوانەوە و شەواندا.
٣- کەمکردنەوەی خواردنەوە گازییەکان و چا و قاوە.
٤- مانەوە بە ھێمنی، وە بەکارھێنانی ھەندێک تەکنیکی وەک ھەڵمژینی ھەناسەی قوڵ و یۆگا.
٥- ڕیکخستنی ژەمەکان، وە کەمکردنەوەی خواردنی چەور و خواردنی بڕێکی زیاتری میوە و سەوزە و خۆراکە ڕیشاڵییەکان.
٦- بەکارھێنانی ئازارشکێنی وەکو پاراسیتامۆڵ و ئایبوپڕۆفین.
٧- بەکارھێنانی ھەندێ ماددەی خۆراکی وەکو (prime rose oil ) یاخود ڤیتامین ئی(Vitamin E)