نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

فرە شیربوون(Galactorrhea)


فرەشیربوون ڕوودەدات کاتێک یەکێک یاخود ھەردوو مەمک شیر بەرھەم دەھێنن یاخود دەردراوی شیرییان دەبێت، ئەم حاڵەتە پەیوەندی نییە بە بەرھەمھێنانی شیر لە ئافرەتی شیردەردا، لەوانەیە مەمکەکان بە دەستلێدان شیرەکەی لێ بێتە دەرەوە یاخود بەبێ دەستلێدان و خوودکارانە. لە پیاوان و ئافرەتاندا ڕوودەدات، بەڵام لە پیاواندا کەمترە، بە دەگمەنیش لە مناڵی تازە لەدایکبوودا ڕوودەدات.

نیشانەکانی فرە شیربوون Galactorrhea:
دیارترین نیشانە بریتییە لە دەردراوی شیری سپی لە یەکێک یاخود ھەردوو مەمک، ھەندێکجار دەردراوی زەرد یاخود سەوز دەبینرێت، دەردراوی خوێنی یاخود سوور یەکێک نییە لە نیشانەکانی فرە شیربوون (galactorrhea).
نیشانەکانی تر وەک:
- نەمانی سووڕی مانگانە، یاخود ناڕێکی لە سووڕی مانگانەدا
- سەرئێشە
- کێشەی بینین
- کەمبوونی ئارەزووی سێکسی
- دروستبوونی موو لەسەر سنگ و چەناگە


ھۆکارەکانی فرەشیربوون Galactorrhea:
چەندەھا ھۆکار ھەن بۆ فرە شیربوون، لە ھۆکارە دیارەکان وەک:
- دووگیانی (حەمل).
- بەکارھێنانی حەبی کۆنتڕۆڵکردنی دووگیانبوون ( حەبی مەنع).
- وروژاندنی زۆری مەمکەکان، وەک لەکاتی ئەنجامدانی سێکسدا.
- بە بەردەوام ئەنجامدانی خۆییە پشکنینی مەمکی ( ھەموو ڕۆژێک).
- جلوبەرگ کە دەبێتە ھۆی وروژاندنی مەمک( ستیانی تووند یاخود تەسک).
- لەوانەیە ھۆکارەکە لووی ڕژێنی پێتویتەری بێت ( ڕژێنێکە کە کۆنتڕۆلی زۆربەی ڕژێنەکانی تری لەش دەکات)، زۆربەی لووەکان پاکن واتە شێرپەنجەیی نین.
- ھەندێک دەرمان وەک ھۆڕمۆنەکان(hormones)، دەرمانی دژە خەمۆکی(antidepressants)، دەرمانی کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێن(blood pressure)، دەرمانی ئارامکەرەوە(sedative).
- دەرمانی گیایی وەک ڕووەکی گەزنە nettle، ڕازیانە fennel، blessed thistle ، anise، fenugreek seed.
- دەرمانەکانی وەک marijuana، کۆکاین، تلیاک.
- نەخۆشی گورچیلە.
- نەخۆشی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) وەک ڕژێنی پەریزادی تەمبەڵ.
- برینداربوون یاخود زیانگەیشتن بە سنگ یان دڕکەپەتک.
- دوودڵی stress.
- ھەندێکجار ھۆکارەکە نەزانراوە.

فرەشیربوون بێ ھۆکار Idiopathic galactorrhea:
ھەندێکجار ھۆکاری فرە شیربوون نادۆزرێتەوە، بەمە دەڵێن فرە شیربوون بەبێ ھۆکار، لەوانەیە ھۆکارەکە زۆر ھەستیاربوونی مەمکە شانەکان بێت، بەرامبەر ھۆڕمۆنێک کە لەلایەن ڕژێنی پێتویتەرییەوە دەردەدرێت بۆ خوێن  پێی دەڵێن پڕۆلاکتین، کە ھانی بەرھەمھێنانی شیر دەدات.

فرە شیربوون لە ڕەگەزی نێردا Galactorrhea in men:
لە ڕەگەزی نێردا فرە شیربوون لەوانەیە ھۆکارەکەی کەمی ھۆڕمۆنی تێستێستێرۆن بێت( ھۆڕمۆنی نێرینە)، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم نیشانانەش دەردەکەون کە بریتین لە (گەورەبوونی مەمکەکان ، کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی و کەمبوونەوەی توانای سێکسی).

فرە شیربوون لە تازەلەدایکبوواندا Galactorrhea in newborn:
ھەندێکجار فرە شیربوون لە تازە لەدایکبوواندا ڕوودەدات بەھۆی بەرزی ھۆڕمۆنی ئیسترۆجینی دایک، کە لەڕێی ناوکەپەتکەوە بۆ خوێنی منداڵەکە دەگوازرێتەوە، ئەمە وادەکات شانەکانی مەمکی منداڵەکە گەورە ببێت و دەردراوی شیری لە مەمکی منداڵەکەوە بێتە دەر، ئەم دەردراوە کاتییە و بە تێپەڕبوونی کات چاکدەبێت، ئەگەر چاک نەبوو پێویستە پیشانی پزیشک بدرێت.


چۆن دەستنیشانی فرە شیربوون galactorrhea دەکرێت؟
- دەستنیشانی فرە شیربوون دەکرێت لەڕێی دەستنیشانکردنی ڕێژەی ھۆڕمۆنەکان لە خوێندا.
- بۆ ئافرەتان پشکنینی دووگیانی دەکرێت.
- پشکنینی وێنەیی موگناتیسی (MRI) بۆ سەر، بۆ زانینی ھەر لوویەک لە ڕژێنی پێتویتەری.
- مەمۆگرام یاخود سۆنەر بۆ مەمکەکان بۆ دەسنیشانکردنی ھەر لوویەک لە مەمکەکان.

چارەسەری فرە شیربوون Galactorrhea:
چارەسەری فرە شیربوون پەیوەندی ھەیە بە ھۆکاری فرە شیربوون.
ئەگەر ھۆکارەکە وەرگرتنی دەرمانێک بوو، وەستاندنی دەرمانەکە چارەسەرە، گەر نەتوانرا بوەستێنرێت ڕێژەکەی کەم بکرێتەوە یاخود دەرمانێکی دیکەی جێگرەوە بەکار بھێنرێت.
لوویەکی بێ زیان لە ڕژێنی پێتویتەری بە دەرمان یاخود نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت.
دەرمان بەکاردێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی ھۆڕمۆنەکان لە لەشدا وەک بەرزی ھۆڕمۆنی پڕۆلاکتین.
چارەسەری نەخۆشییەکانی دیکە وەک ڕژێنی پەریزادی تەمبەڵ بە جێگرەوەی ھۆڕمۆنی ڕژێنەکە (thyroxine ).
گەر ھۆکارەکە نەزانراو بوو ھەندێک دەرمان بەکاردێت وەک( bromocriptine) یان (cabergoline)، لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانانە وەکو دڵتێکەڵھاتن ، سەرگێژخواردن و سەرئێشە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر بە شێوەیەکی بەردەوام دەردراوی شیری لە یەکێک یاخود ھەردوو مەمکەوە بێت و ئافرەتی دووگیان یاخود شیردەر نەبێت، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.
وروژاندنی مەمکەکان یاخود زۆر دەستلێدانی لەکاتی کرداری سێکسی، ھەندێکجار دەبێتە ھۆی دەردانی شیر و خۆی بە تێپەڕبوونی کات چاکدەبێت و پێویست بە دوودڵی ناکات، بەڵام گەر بەردەوام بوو پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.
ئەگەر دەردراوی مەمک شیری نەبوو، خوێن بوو یاخود زەرد بوو یاخود لەکاتی دەستدان لە مەمک ھەست بە گرێ کرا، سەردانی پزیشک دەکرێت.