بریتییە لە گۆڕانی بەشێک لە ڕووکەشەخانەکانی شانەی مەمک بۆ جۆرێکی دیکەی خانە، کە لەشێوەدا لەجۆرێک خانەی ئارەقەڕژێن (apocrine cells)دەچێت کە بەزۆری لە ناواخنەشانەکانی بەشی دەرەوەی مەمکدا ڕوودەدات، شێوەی ئەم خانانە جیاوازن لەخانە ئاساییەکانی مەمک بەوەی بڕێکی زۆری سایتۆپلازم و بەشێک لە تورەگەی بچووکی دەردراوەکانی تێدایە کە دەردەدرێنە دەرەوەی خانەکان.
ئەم گۆڕانکارییە بەزۆری لە نەخۆشی ڕیشاڵە توورەکەییەکانی مەمک(fibrocystic breast disease)ڕوودەدات، کە لەئافرەتانی تەمەن ٣٠ بۆ ٥٠ ساڵدا باوە.
ئەم گۆڕانکارییە دەکرێ لە ڕووکەشەخانەکانی شانەی درووستکەری شیر (lobule) یان لە ڕووکەشەخانەکانی ناوپۆشی جۆگە شیرییەکاندا(duct) دا ڕووبدات، لەئەنجامدا کیسی بچووک درووستدەبێ کە ناوپۆشکراوە بەم خانە گۆڕاوانە، وە بەیەک گرتنی ئەم کیسە بچووکانە کیسی گەورەتر یان گرێ درووستدەبێ.
دەستنیشانکردنی:
بوونی ئەم خانە گۆڕاوانە بەتەنھا نیشانە و ناڕەحەتی درووست ناکات، بەڵام نەخۆش ھەست بەو نیشانانە دەکات کە بەھۆی کیس یان گرێیەکەوە درووست بووە کە دەکرێ ئەم خانانەش بوونی ھەبێ، بۆ دەستنیشانکردنی ئەم خانانە پشکنینی سۆنار و مامۆگرافی زانیارییەکی ئەوتۆ نادەن بەدەستەوە، بۆیە ئەم حاڵەتە زیاتر لەکاتی شانه هەڵگری مەمک (واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا) دەبینرێت کە ئەنجام دەدرێت بۆ نەخۆشییەکانی مەمک، وەک بوونی کیس یان چەند جۆرە گرێیەکی دیکە وەک (fibroadenoma, fibrocystic breast disease, hamartoma).
بەشێوەیەکی گشتی بوونی ئەم شێوە خانانە بەتەنھا لە پشکنینە شانەییەکاندا بە حاڵەتێکی پاک (benign) دادەنرێ، وە نابێتە ھۆی زیادبوونی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، بەڵام دەکرێ لەگەڵ ھەندێ جۆری شێرپەنجەی مەمکدا ڕووبدات، بەتایبەت لەکاتی زیاد دابەشبوونی خانەکان بەشێوەیەکی نائاسایی(atypical apocrine metaplasia)، لەبەرئەوە پێویستە لەکاتی پشکنیندا دڵنیابینەوە لە نەبوونی خانە شێرپەنجەییەکان.
ھۆکار:
ھۆکاری ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پەستانی زۆر لەسەرخانەکان، کە بەزۆری لەکاتی بوونی کیسدا ڕوودەدات، بەھۆی پەستانی زۆری شلەی ناو کیسەکە لەسەرخانەکان کە وادەکات خانەکان شێوەیان بگۆڕێ تاکو بەرگەی پەستانەکە بگرن.
چارەسەر:
چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە پەیوەستە بەو نەخۆشی و گرفتانەی دیکەی مەمک کە بوونی ھەیە وەک بوونی کیس یان گرێ، کە دەبێ بە پشکنینی شانەیی دڵنیابینەوە لە سروشتی ئەو کیس یان گرێیە، وە بریاربدرێ بە لابردنی بە شێوەیەکی گونجاو.