نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

زیادبوون وە کەمبوونی شیر ​


شیر بەرھەمدێت لە ڕژێنێکی مەمکەکان بەناوی کونۆچکەکان( ئەلڤیۆلاکان )، لەژێر کۆنتڕۆڵی ھۆڕمۆنی( پڕۆلاکتین)دا، کە وادەکات کونۆچکەکان شەکر و پڕۆتینەکان لە خوێنەوە وەربگرن بۆ بەرھەمھێنانی شیر لە ڕژێنەکانی مەمکدا، وە ھۆڕمۆنی( ئۆکسیتۆسین)یش وادەکات خانەکانی دەوری کونۆچکەکان گرژ ببن و شیر لە مەمکەکانەوە دەربدرێت، بەڵام بڕی شیر لە بارودۆخێک بۆ بارودۆخێکی تر ئەگۆڕێت.

ئەو ھۆکارانەی وادەکەن بڕی شیر زیاد ببێت:
- ھۆکارە بۆماوەییەکان ( جیاوازی لە بڕو پێکھاتەی شیر لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە)
- ناڕێکی لە شیرپێدانی منداڵدا
- ئەو دەرمانانەی دەبنە ھۆی زیاتر بەرھەمھێنانی شیر وەک (دەرمانی گیایی، دەرمانی دژە ڕشانەوە ..)
- گۆڕانکاری یاخود تێکچوون لە ھۆڕمۆنەکاندا وەک (زیاد بەرھەمھێنانی ھۆڕمۆنی پڕۆلاکتین)

ئەو ھۆکارانەی وادەکەن بڕی بەرھەمھێنانی شیر کەمبکات:
- قەلەقی و فشارێکی زۆر (لەوانەیە ببێتە ھۆی کەمبوونی دەردانی شیر لە مەمکەکان)
- کەم شیرپێدانی کۆرپەلە
- ناڕێکی لە ھۆڕمۆنەکانی جەستە(کەمبوونی ھۆڕمۆنەکان بەھەر شێوازێک)
- سکپڕبوون
- نەشتەرگەری گۆی مەمک
- کەمی ماددەخۆراکییەکان
- نەخواردنی شیری دایک لەلایەن کۆرپەلەوە بە ھەر ھۆکارێک بێت (گۆی مەمکی گەورە+ گۆی مەمکی تەخت+…)
- کۆرپەلە نەتوانێت مەمکی دایکی بمژێت بەھەر ھۆکارێک بۆ نموونە (لە دایکبوونی پێشوەختە، کێشە زگماکییەکان …ھتد)
- قەڵەوی
- بوونی نەخۆشی درێژخایەن وەک پەستانی بەرزی خوێن و شەکرەی کۆنتڕۆڵنەکراو