بەڕیشاڵبوونی مەمک بریتییە لەو گۆڕانەی کە بەسەر مەمکدا دێت دوای زیانپێگەیشتنی بەھۆی ڕووداوێک یان نەخۆشییەک، وەکو جێگرەوەی شانە ئاساییەکە لەدوای برینداربوونی دەناسرێت، ئەو شوێنانەی کە بەڕیشاڵبوونی تێدایە ڕەقن و ئەگەر لەسەر پێست ببینرێن وەکو جێ برین دەبینرێن. بەشێوەیەکی گشتی ئەم حاڵەتە لەو ئافرەتانەدا ڕوودەدات کە لە تەمەنی منداڵخستنەوەدان و سوڕی مانگانەیان ھەیە، لەو ئافرەتانەی کە لەسوڕی مانگانە وەستاون بەدەگمەن ڕوودەدات.
ئایا بە ڕیشالبوونی مەمک ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات؟
نەخێر، بەڕیشاڵبوونی مەمک ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد ناکات.
باوترین شێوەی بەڕیشاڵبوونی مەمک چییە؟
بەڕیشاڵبوونی کیسی (fibrocystic breast)، یەکێکە لە شێوە باوەکانی بە ڕیشاڵبوون، بە شێوەیەکی گشتی نەخۆش دەتوانێت لەکاتی دەستدان لە مەمکیدا بە ئاسانی ھەستی پێ بکات، ئەگەر شلە کۆببێتەوە لەو ناوچەیەدا ھەست بە ئازاریش دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بێ زیانە.
لەوانەیە نەخۆشەکە ھەست بەم شتانە بکات:
- کۆمەڵێک گۆڕان کە لەھەردوو مەمکدا وەک یەکن.
- دەردراوی قاوەیی و ڕەنگ تاریک لە مەمکەوە.
- لیر(گرێ) کە لەگەڵ سووڕی مانگانەدا قەبارەکەی دەگۆڕێت.
- بوونی ئازار لە مەمکدا.
- بوونی ئازار لە ژێر باڵدا.
چۆن دەتوانرێت دەستنیشانی ئەم حاڵەتە بکرێت؟
- بە پشکنین لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە.
- بە بەکارھێنانی مامۆگرام.
- سۆنار.
- شانه هەڵگری مەمک ،واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا.
بەشێوەیەکی گشتی ئەم حاڵەتە پێویستی بە چارەسەر نییە، دەکرێت تەنھا پێویستی بە ئاگاداربوون بێ و لە ھەر گۆڕانێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.