کیسی مەمک، بریتییە لە شلەیەکی بێ زیان کە مەمک دروستیدەکات، دەکرێت لە یەکێک یان هەردوو مەمکەوە گەشە بکات. هەندێکیان قەبارەیان زۆر بچووکە و هەستی پێ ناکرێت بەڵام هەندێکیان دەبنە هۆی ناڕەحەتی.
هۆکارەکانی و ئەو کەسانەی تووشی دەبن:
ئەو کاتەی کە شلە دەڕژێتە ڕژێنەکانی شیرەوە ئەم حاڵەتە ڕوودەدات. هۆکاری وردی حاڵەتەکە هێشتا نەزانراوە، بەڵام لە ئەنجامی گۆڕانی ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین ئەم حاڵەتە دروستدەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ئافرەتان لە تەمەنە جیاوازەکان دەکرێت تووشی کیسی مەمک ببن، بەڵام ئافرەتانی تەمەن ٣٥ بۆ٥٠ ساڵ زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە.
لە دوای وەستانی سوڕی مانگانە (تەمەنی نائومێدی)، کە ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆزجین دادەبەزێت، کیسەکانیش دەوەستن لە دروستبوون، مەگەر ئەوەی کە خانمەکە لەسەر چارەسەری هۆڕمۆنی بێت.
نیشانەکانی کیسی مەمک:
١- هەبوونی پێکهاتەی گرێی شێوە خڕ یاخود هێلکەیی، کە نەرم و جوڵاوە.
٢- هاتنە دەروەی شلەیەکی زەرد یاخود ڕوون لە گۆی مەمک.
٣- ئازاری مەمک.
٤- زیادبوونی گرێکە یاخود توند بوونی مەمکەکان لە پێش سووڕی مانگانە.
٥- بچووکبوونەوەی قەبارەی گرێکە و نەمانی نیشانەکان لە دوای تەواو بوونی سوڕی مانگانە.
چۆن کیسی مەمک دەستنیشان دەکرێت؟
کیسەکان دەکرێت بە شێوەی گرێ خۆیان نیشان بدەن، یاخود بەڕێکەوت لە ڕێگەی پشکنینی پزیشکی سۆنار بەدەربکەون، ئەگەر تەمەنی خانمەکە لەسەروو (٤٠) ساڵ بوو، ئەوا ئەگەری ئەنجامدانی مامۆگرافی زیاتر دەبێت، یاخود دەکرێت چارەسەر و دەسنیشانکردنەکەش بە لێ دەکردن بەدەرزی ئەنجام بدرێت.
لێ دەرکردن بە دەرزی چۆن ئەنجام دەدرێت؟
لە میانی لێ دەرهێنان بە بەکارهێنانی دەرزی، دەرزییەک دەخرێتە نێو کیسەکەوە، زۆربەی کات لە ژێر ڕۆشنایی سۆنارەکەدا، کیسەکە لە دوای پێداکردنی دەرزییەکە نامێنێت.
چارەسەرکردن و سەردانکردنەوە:
لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا پێویست بە چارەسەر ناکات، چونکە زۆربەی کات خۆیان لا دەچن. ئەگەر کیسەکە ئازاربەخش بوو، پزیشکەکەت دەتوانێت شلەکەی ناوی بە دەرزییەک لاببات، بەڵام گەر شلەکە گەڕایەوە و بەردەوام بوو لە ئازارەکەی، ئەوا پێویست دەکات بە نەشتەرگەری لا ببرێت.
ئەو کەسانەی کیسی ئاڵۆزیان هەیە پێویستە ناوبەناو سەردانی پزیشك بکەنەوە بۆ دڵنیایی.
شێوازی ژیان و چارەسەر:
١- بەستنی ستیانی توند کە بەباشی پاڵپشتی مەمکەکە بکات، دەبێتە هۆی کەمتر کردنەوەی ئازار.
٢- بەکارهێنانی جەوەنە یان خاولییەکی گەرم بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
٣- دوورکەوتنەوە لە کافاین، هەندێک لە خانمان هەست بە ئاسوودەیی دەکەن ڕاستەوخۆ لە دوای لابردنی کافاین لە ژەمەکانیاندا، پێویستە ڕەچاوی کەمکردنەوەی چا و قاوە و چۆکلات، وە هاوشێوەکانیان بکرێت.
ڕێگریکردن و ئەگەری شێرپەنجە:
هیچ ڕێگەیەکی زانراو بۆ ڕێگریکردن لە کیسی مەمک نییە، هەبوونی کیس ئەگەری تووشبوونی شێرپەنجەی مەمک زیاد ناکات.