نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

مامۆگرافی


ئەو پشکنینەیە کە تیشکی کەم وزەی (x-ray)  بە کاردەھێنرێت بۆ وێنەگرتنی مەمک، کە تیایدا مەمکی کەسەکە دەخرێتە نێوان دوو ڕوو (قالب)ی ھاوتەریب بەیەکتر.
پزیشکان ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەنجامدانی مامۆگرافی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لەکاتی گونجاوی خۆیدا، باشترین پشکنینە بۆ دەست نیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک .

جۆرەکانی پشکنینی مامۆگراف:-
١- Screening mammography(مامۆگرافی گشتی):
ئەو جۆرەی پشکنینی مامۆگرافییە بەکاردەھێنرێت بۆ دەستنیشانکرنی پێشوەختی  گۆڕانکارییە شێرپەنجەییەکان لە مەمکدا، کاتێک کە کەسەکە ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لە مەمکیدا نییە.ئەم پشکنینە لەدوای تەمەنی (٤٠) ساڵییەوە ئەنجام دەدرێت، لەو کەسانەی شێرپەنجەی مەمک لە مێژووی خێزانەکانیاندا هەیە یان گۆڕانی  شانەیی مەترسیداری شانەکانی مەمکیان هەیە ئەم پشکنینە زووتر دەست پێدەکات.بەشێوەیەکی گشتی ئەم پشکنینە لە پێش تەمەنی (٣٥) ساڵییەوە ئەنجام نادرێت مەگەر لەو کەسانەی گرێیەکی گوماناوی یان مێژوویەکی  خێزانی بەهێزی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە.

٢- Diagnostic mammography(مامۆگرافی تایبەتی یان دەستیشانکەر):
ئەو جۆرەی پشکنینی مامۆگرافییە بەکاردێت بۆ هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی حاڵەتی ئەو کەسانەی نیشانەکانی نەخۆشی مەمکیان هەیە وە ک(گرێ، ھەبوونی دە ردراو لە گۆی مەمک) یاخود کەسێک پێشتر شێرپەنجەی مەمکی ھەبوبێت،نەشتەرگەری بۆکرابێت و بەشێک لەمەمکی هێڵرابێتەوە.

کەی پێویستە پشکنینی تیشکی مەمک (مامۆگرام) ئەنجامبدرێت؟
١-ئەو خانمەی گەشتۆتە تەمەنی پشکنینی مامۆگرافی گشتی(وەک لەسەرەوە باسکراوە). 
٢- کاتێک پێویست بە پشکنینی مامۆگرافی تایبەت یان دەستنیشانکەر دەکات (وەک لەسەرەوە باسکراوە).
٣- لەو نەخۆشانەی کێشی لەشیان زیادە و قەڵەون.
٤- لەکاتی پلاندانان بۆ نەشتەرگەری مەمک.

٥- بۆ دۆزینەوەی بڵاوبوونەوەی گرێیەک بۆ مەمکی بەرامبەر یان دۆزینەوەی گرێیەکی نوێ لە مەمکی بەرامبەردا.

٦- دەتوانرێت بەکاربهێنرێت وەک رێنیشادەرێک لەکاتی پشکنینی شانەهەڵگری مەمک لەجۆری هەڵمژین لەڕێی دەرزییەکی باریکەوە(FNA).

٧-بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی ئەو نەخۆشانەی گرێی پاکی مەمکیان هەیە و مەترسی گۆڕانی بۆ شێرپەنجە لێدەکرێ.

٨- مامۆگرافی چاودێریکردن ،لەدوای نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک کە بەشێک لەمەمکی کەسەکە هێڵراوەتەوە (بۆ مەمکی نەشتەرگەری کراو و مەمکی بەرامبەر) لەکاتی پێویستدا ئەنجام دەدرێت.

٩- لەکاتی بوونی ئازاری مەمک.