نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

شانەهەڵگری مەمک


بریتییە لە ‌ھەڵگرتن یاخود وەرگرتنی بەشێکی بچووک لە ناوچەیەکی دیاریکراوی مەمکدا، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و پشکنینی لە تاقیگەدا.

سوودی شانەھەڵگریی مەمک (Breast Biopsy) چییە؟
بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەوە بەکاردەھێنرێت کە بزانرێت خانەی شێرپەنجەیی یاخود نامۆ بوونی ھەیە یاخود نا.

لەچ کاتێکدا و بۆچی پێویستە شانە ھەڵگریی مەمک (Breast Biopsy)ئەنجامبدرێت؟
- بۆ پشکنینی گرێیەک یاخود بارستەیەک کە بە دەستلێدان ھەستیپێدەکرێت.
- بۆ پشکنین و بەدواداچوونی کێشەیەک کە لە پشکنینی تیشکی (Mammography) دا بینراوە.
- بۆ ھەڵسەنگاندنی کێشەیەک کە لە گۆی مەمکدایە، وەک: دەردراوی خوێنین لە گۆی مەمکەوە.
- بۆ دڵنیابوونەوە لە شێرپەنجەیی بوونی گرێ یان بارستەی ھەستپێکراو.

جۆرەکانی شانەھەڵگریی مەمک (Breast Biopsy) چین؟
چەند جۆرێک لە شانەھەڵگری ھەیە، کە ھەڵبژاردنی گونجاوترینیان پشتدەبەستێت بە شوێن و قەبارەی گرێ یان بارستەکە، جۆرەکانیشی بریتین لە:
١-ھەڵمژین لەڕێی دەرزییەکی زۆر باریکەوە (Fine Needle Aspiration-FNA): لەم جۆرەدا دەرزییەکی زۆر باریک بەکاردەھێنرێت، نموونەیەکی زۆر بچووکی شلە یاخود شانە وەردەگرێت، زیاتر بۆ ئەوە بەکاردەھێنرێت کە بزانرێت شلە لەو شوێنەدا کۆبوەتەوە (واتە کیس بوونی ھەیە)، یاخود گرێیەکی ڕەقە.

٢-  شانەھەڵگری کڕۆکی ( Core Needle Aspiration): دەرزییەکی گەورە دەکرێت بە گرێ یان بارستەکەدا، دەزوولەی بچووکی شانەیی وەردەگرێت کە پێیان دەوترێت کڕۆک.

٣-شانە ‌ھەڵگری کراوە (Open/Surgical Biopsy): لەم جۆرەدا پێویست بە بڕینی بەشێک یان ھەموو ئەو شوێنە دەکات.


چۆن خۆت ئامادە دەکەیت بۆ شانەھەڵگری مەمک(Breast Biopsy)؟
١- پێویستە ڕەزامەندی تەواوی خۆت نیشانبدەیت و تەواو ڕازی بیت بە ھەموو مەرجەکانی شانەھەڵگری.

٢-ئەگەر شانەھەڵگرییەکە بە بێھۆشکاری ناوچەیی بێت (واتە تەنھا ئەو شوێنە سڕکرا)، ئەوا پێویست بە خۆئامادەکردنێکی زۆر ناکا، بەڵام ئەگەر بێھۆشکاری گشتی کرا، ئەوا دەبێت چەند کاتژمێرێک پێشتر خۆت لە خواردن و خواردنەوە بگریتەوە.

٣-ھیچ کرێم و بۆن و ماددەیەک بەکارمەھێنە لە مل و سنگ و ژێر باڵ لەو ڕۆژەدا.

٤-ئەگەر ھەر ھەستیارییەکت بە ھەر دەرمانێک یان شتێک، یان مێژووی خوێنبەربوونت ھەیە، پێویستە پزیشکەکەتی لێ ئاگادار بکەیتەوە پێش ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

٥- باشترە کەسێکت لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی دوای پڕۆسەکە بتگەیەنێتە ماڵەوە.

٦- لە کۆتاییدا پزیشکەکەت ڕێنماییت پێدەدات بەپێی بارودۆخەکەت.