نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

لابردنی مەمک


نەشتەرگەری لابردنی مەمک، نەشتەرگەرییەکە بۆ لابردنی مەمک بە تەواوەتی یان بەشێک لە مەمک.

نەشتەرگەری لابردنی مەمک بۆ کێ دەکرێت ؟
١- بۆ کەسێک  دەکرێت کە گرێیەکی (٥)سم یان گەورەتری ھەبێت لە مەمکیدا .
٢- بۆ کەسێک ئەکرێت کە گومانی شیرپەنجەی لێ بکرێت، یان شێرپەنجەی ھەبێت .
٣- بۆ کەسێک کە ھەڵگری بۆماوەیی جینی ( BRCA) شێرپەنجەی مەمک و منداڵدانی ئافرەتان بێت.
*ئەو کەسانەی ھەڵگری ئەم جینەن، وەکو خۆپارێزی لە تووشبوون بەم شێرپەنجەیە ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدەن .

جۆرەکانی نەشتەرگەری لابردنی مەمک بریتین لە :
١. نەشتەرگەری لابردنی سادەی مەمک (simple mastectomy): کە لەم نەشتەرگەرییەدا تەواوی مەمک و گۆی مەمک و پێستی سەر مەمک لا دەبرێت .
٢. نەشتەرگەری لابردنی مەمک بە بێ لابردنی پێستی سەرمەمک (skin sparing mastectomy): لەم جۆرەی نەشتەرگەری پێستی مەمک دەھێڵرێتەوە و نابڕێت، بەڵکو تەنھا شانەکانی مەمک و گۆی مەمک لێدەکرێنەوە .
٣. نەشتەرگەری لابردنی مەمک بەبێ  لابردنی گۆی مەمک (nipple sparing mastectomy): کە لەم جۆرەی نەشتەرگەری گۆی مەمک نابڕدرێت و دەھێڵرێتەوە، تەنھا شانەکانی مەمک و پێستی مەمک لێدەکرێنەوە لە نەشتەرگەرییەکەدا.
٤. نەشتەرگەری لابردنی مەمک و گرئ لیمفاوییەکان( radical mastectomy) : لەم جۆرە نەشتەرگەرییەدا ھەموو مەمک و ژێرباڵ  لێدەکرێتەوە، لەگەڵ ماسولکەی سنگ و ھەموو گرێ لیمفاوییەکان، کە ئەم جۆرە لە نەشتەرگەری ئێستا ئەنجام نادرێت بەڵکو گۆڕاوە بۆ جۆری نەشتەرگەری گۆڕاوی  لابردنی مەمک و گرێ لیمفاوییەکان (modified radical mastectomy).
٥. نەشتەرگەری گۆڕاوی  لابردنی مەمک و گرێ لیمفاوییەکان ( modified radical mastectomy ): کە لەم نەشتەرگەرییەدا شانەکانی مەمک و گۆی مەمک و گرێ  لیمفاوییەکان  لادەبرێن، بەڵام ماسولکەکانی سنگ دەھێڵرێنەوە .
٦. جۆری کۆتا بریتییە لە نەشتەرگەری لابردنی ھەردوو مەمک، کە ئەم نەشتەرگەرییە بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە پێکھاتەی ﺑۆﻣﺎوەیی جینی(BRCA) ھەیە.