نەخۆشەکانی غوددەو گرێکانی سەرو مل

شێرپەنجەی غودەی Hurthle ​


یەکێکە لە جۆرە نا باو و دەگمەنەکانی شێرپەنجەی ڕژێنی پەریزاد(غوددە)، کە بە شێرپەنجەی (oxyphilic)یش ناودەبرێ، سەر بە شێرپەنجەی جۆری کیفدارە و بە ئاسانی ئەتوانرێ جیابکرێتەوە، کە تیایدا خانەکانی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) زیاد لە ئەندازەی پێویست گەشە ئەکەن و ئەبنە هۆی تێکدانی کارکردنی ئاسایی ڕژێنەکە.

هۆکارەکانی شێرپەنجەی ڕژێنی پەریزاد(غوددە)ی جۆری Hurthle چین؟
تائێستا هیچ هۆکارێكی سەرەکی نەزانراوە کە ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی تووشبوون بەم شێرپەنجەیە، بەڵام وەك بینراوە بەرکەوتن بە تیشك بۆ سەر و مل و سنگ، وە بوونی پێشینەی شێرپەنجەی غوددە لە خێزانەکەدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر ئەکەن.

بڵاوی نەخۆشییەکە:
-نزیکەی (٥٪) شێرپەنجەی غوددە لەم جۆرەیە.

-  لە ژناندا زیاترە.

-  لەسەروو تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە نیشانەکانی دەردەکەوێ.

نیشانەکانی:
-خێرا گەورەبوونی گرێ لە ملدا.

-ئازاری مل و سنگ.

-گۆڕانی دەنگ.
-قوتدانی بە زەحمەت.
-هەناسەتەنگی.
-دابەزینی کێش.

 

ئەو پشکنینانە چین کە بۆ دیاریکردنی شێرپەنجەی ڕژێنی پەریزاد(غوددە)ی جۆری Hurthle دەکرێن:
یەکەم/ پشکنینە سەرەتاییەکان: ئه و پشکنینانەن که پزیشکەکە به کرداری ئه نجامیدەدات، به بێ وەرگرتنی هیچ نموونەیەک.
- پشکنینی ملی نەخۆشەکه بەسەری پەنجەکان بۆ زانینی قەبارەی غوددەکه.
- پشکنینی لیمفەگرێکان بۆ بینینی هەر گەورەبوون و ئاوساوییەك تیایانا.

دووەم/ پشکنینه تاقیگەییەکان: ئه و پشکنینانەن که له تاقیگەکاندا ئه نجامدەدرێن به وەرگرتنی نموونە بەپێی پشکنینەکه، که بریتین لەمانه:
-هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆیده ڕژێن (TSH).
-هۆڕمۆنه سەربەستەکانی سایرۆیده ڕژێن (Free T4 and Free T3 ) .
-سۆنەر(ultra sound).
- CT scan.
- MRI.
- PET scan.
- Radioiodine imaging scans: پشکنینێکه که تیایدا بۆیەیەك بەکاردێ که چالاکی ڕژێنەکە دەردەخات.
-Biopsy شانەهەڵگری.

 

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:
بۆ دەستنیشانکردنی ئەم جۆری شێرپەنجەیە پشتدەبەستین به نیشانەکانی نەخۆشەکە، لەگەڵ ئەنجامەکانی پشکنینه سەرەتاییەکان و پشکنینه تاقیگەییەکان، گەر نەخۆشەکە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی هەبوو وە ئەنجامی پشکنینەکان بەجۆرێکبوو کە {هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆیده ڕژێن (TSH) کەم بێت، وە US و CT و  MRI  گەشەکردنی نائاسایی غوددەکە دەربخەن، وە پشکنینی شانەهەڵگرییەکە نیشانەکانی شێرپەنجەکە دەربخات} ئەوا دەست بەچارەسەرەکان ئەکەین.


چارەسەرەکان:
١. نەشتەرگەری: لابردنی بەشێکی غوددەکە (کاتێ بڵاونەبووبێتەوە)، یا لابردنی هەموو غوددەکە (کاتێ بڵاوبووبێتەوە) دیارترین چارەسەری ئەم شێرپەنجەیەن، دوای نەشتەرگەرییەکە پێویستە نەخۆشەکە بە درێژایی ژیانی دەرمانی levothyroxine بخوات بۆ ئەوەی جێگای هۆڕمۆنەکانی غوددە بگرێتەوە.

٢.چارەسەری تیشکی: 

-radioactive iodine therapy: لە دوای نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێ، کە تیایدا نەخۆشەکە کەپسولێك قوت ئەیات کە تیشکدەرە وە یارمەتی تێکشکاندنی هەرخانەیەکی شێرپەنجەیی دەدات کە مابێتەوە.

-Radiation therapy: شەپۆلێکی وزە بەرزی تیشکی وەك ئەشیعە(X-ray) بەکاردێت بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان.

٣.چارەسەری کیمیایی:

sorafenib(Nexavar):  ئەم دەرمانە بەکاردێت بۆ ئەو جۆرانەی کە بڵاوبوونەتەوە، وە وەڵامدانەوەی بۆ جارەسەری تیشکی نەبووە .


گرفتەکانی نەخۆشییەکە:

- لەکاتی گەورەبوونی گرێکەدا ئەبێتە هۆی ناڕەحەتی لە قوتدان و هەناسەداندا .

-بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکە بۆ شانە و ئەندامەکانی تر.

-لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا  زیان بەر ئەو دەمارە بکەوێ کە بەرپرسە لە دروستکردنی دەنگ و ئەبێتە هۆی گڕبوون یا نەمانی دەنگەکە.

-چارەسەرە تیشکی و کیمیاییەکان ئەبنە هۆی بێتاقەتی، پەڵەی پێست، دابەزینی کێش، وشکبوونی دەم.