دووەم باوترین جۆری شێرپەنجەی غوددەیە، کە بە پێی داتای جیهانی (١٠٪ بۆ ١٥٪)ی کۆی هەموو شێرپەنجەکانی غوددە لە جیهاندا بریتین لە جۆری فۆلیکیولەری، ئەم جۆرە شێرپەنجەیە یان لە پڕ سەرهەڵدەدات یان لە بەربین خڕبوونەوە.
شێرپەنجەی غوددە لە جۆری فۆلیکیولەری لە گەشەکردن و پەرەسەندندا دوو جۆرە:
١-بڵاونەبووەوە: بڵاوبوونەوەی لە ڕێگەی خوێنەوە بۆ بەشەکانی تری لەش دەگمەنە.
٢-بڵاوبووەوە: بڵاوبوونەوەی بۆ بەشەکانی تری لەش لە ڕێگەی خوێنەوە باوە.
پەرەسەندنی بۆ ناو کیفی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) و بۆ ناو مولولەی خوێنی ناو کیفەکە سیفەتێکی باویەتی، ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خانەکانی ڕژێنەکە هۆڕمۆنەکانی(T3,T4) بەرهەمناهێنن، تەنها لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا نەبێت.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە:
شێرپەنجەی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) لە جۆری فۆلیکیولەری شێرپەنجەیەکە کە زۆر دەستدرێژی دەکات بۆ بەشەکانی تری لەش، شێوەی بڵاوبوونەوەی لە ڕێگەی خوێنەوەیە بۆ ئێسکەکان و سییەکان و جگەر.
لە ئێسکەکاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە بۆ ئێسکەکانی کەلەسەر و ئێسکە درێژەکان و پەراسووەکان، تەنها لە (١٠٪)ی دۆخەکاندا لووەکە تەشەنە دەکات بۆ لیمفە گرێکانی مل.
دەردەزانی(نەخۆشییەزانی):
-شێرپەنجەی فۆلیکیولەری غوددە زیاتر لە تەمەنی (٤۰-٦٠) ساڵدا دەردەکەوێت، وە بە هێندەی سێ ئەوەندە باوترە لە خانماندا.
-ئەم شێرپەنجەیە باوترە لەو ناوچانەی کە ڕێژەی یۆد کەمە لە ژەمە خۆراکەکانیاندا.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) بە گشتی بریتین لە:
١-ڕووبەڕوو بوونەوەی تیشکە زیان بەخشەکان لە تەمەنی منداڵیدا.
٢-هەبونی شێرپەنجەی غوددە لە خێزانەکەدا.
٣-چەند نەخۆشییەکی درێژخایەنی بۆماوەیی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی غوددە.
نیشانەکانی :
١-هەڵئاوسان یاخود بوونی گرێ لە بەشی پێشەوەی مل: گرێیەکی ڕەق یان گرنج گرنج سەر هەڵدەدات لە بەشی پێشەوەی مل، ئەم گرێیە پەستان دەخاتە سەر بۆڕی هەناسە، وە ڕێگە لە هەناسەدان دەگرێت و دەبێتە هۆی تەنگە نەفەسی.
-٢پەستان خستنە سەر سورێنچک کە وا دەکات نەخۆشەکە بە ئەستەمی خواردن قووتبدات.
٣-خوێن هاتن لە دەم و قوڕگ، سەرچاوەی خوێنەکەش لە بۆڕییەکانی هەناسەوەیە.
٤-گڕبوونی دەنگ ئەمیش بەهۆی زیان گەیاندنەوە بە دەماری قسەکردن.
٥-کۆکەی بەردەوام.
قۆناغەکانی نەخۆشییەکە و پۆلێن کردنیان:
پۆلێن کردنی شێرپەنجەی غوددە لە جۆری فۆلیکیولەری لە ڕێگەی سیستەمی تی ئێن ئێم دەکرێت، وە پۆلێن کردنەکە پەیوەستە بە تەمەنی نەخۆشەکە لە کاتی دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکە.
بەپێی نیشانەکان سیستەمی تی ئێن ئێم دۆخەکان دابەش دەکات بۆ ٤ قۆناغ:
قۆناغ ئەگەری ئەوەی لە ٥ ساڵی داهاتوو نەخۆشەکە لە دەست بدەین
قۆناغی ١ ٪٠
قۆناغی ٢٪ ١
قۆناغی ٣ ٥٪
قۆناغی ٤٪ ٧٧
تێبینی: ئەم ئەگەرانە زۆر پشتی پێ نابەسترێت چونکە ئاماژە بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە نەکراوە، و ئەگەری ئەوەش دانەنراوە کە لە هەندێ نەخۆشدا خانەکان بەهێزترن و زووتر تەشەنە دەکەن.
چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:
١-پشکنین بەدەست: پزیشکی پسپۆر بە هەردوو دەست پشکنینی ملی نەخۆشەکە دەکات بۆ هەستکردن بە هەرگۆڕانکارییەک کە ڕووی دابێت، بۆ نموونە لوو یان گرێی غوددە.
تێبینی: پرسیاریش دەکرێت لەبارەی بەرکەوتنی کەسەکه بۆ تیشکی زیانبەخش لە ڕابردوو، یان بوونی شێرپەنجە لە خێزانەکەدا.
٢-پشکنینی خوێن: بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا غوددەکە بە شێوەی پێویست هۆڕمۆنەکانی دەردەدات.
٣-سۆنار: بۆ ئەوەی وێنەی غوددەکەمان پێ نیشانبدات، پزیشکەکە لە ڕێگەی سۆنارەوە دیاریدەکات کە ئایا لووەکە بێ مەترسییە یان مەترسیدارە (پڕکار( ، پاشان لە تاقیگە پشکنین بۆ خانەکان دەکرێت.
تێبینی: ئەم جۆرە پشکنینە زۆربەی کات بێ دەرئەنجامە لەبەر ئەوەی لووەکانی ناو مولولەکانی خوێن و ناو کیف لە ڕێگەی FNAC دەستنیشان ناکرێت.
٤-چەند پشکنینێکی دیکە وەکو (سی تی سکان و ئێم ئاڕ ئای و تیشکی ئێکس ڕەی) بۆ ئەوەی بزانین ئایا شێرپەنجەکە بڵاوبۆتەوە بۆ شوێنی تر.
٥- لێکردنەوەی پارچەیەکی غوددەکە و پشکنینی لە تاقیگە.
تێبینی: (١٥٪)ی دۆخەکان بەم پشکنینە بێ دەرئەنجامە.
چارەسەرەکان:
ئەو نەخۆشانەی مەترسییان کەمە بریتین لەوانەی کە تەمەنیان خوارووی (٤٥) ساڵە، وە تیرەی لووە سەرەکییەکەیان کەمترە لە (٤ سم)، وە خانە شێرپەنجەییەکان هیچ بڵاوبوونەوەیەکیان نییە بۆ ناو یاخود بۆ دەرەوەی غوددە.
بۆ ئەم تووشبووانە نەشتەرگەری لابردنی ئەو لایەی غوددە کە لووەکەی تێدایە دەکرێت.
بەڵام ئەگەر تووشبووەکە سەرووی (٤٥) بوو، یان تیرەی لووەکە (٤ سم) زیاتر بوو، ئەوا نەشتەرگەری لابردنی غوددە بە تەواوەتی ئەنجامدەدرێت لەگەڵ لابردنی لیمفەگرێکانی ناوەڕاستی مل.
بەدواداچوون:
بۆ ئەو تووشبووانەی کە نەشتەرگەری لابردنی غوددەیان بۆ دەکرێت، پاش نەشتەرگەری یۆدی تیشکدەر دەدرێت بە نەخۆشەکە بە بڕی (١٠٠میللیکوری)، بۆ ئەوەی ئەو پارچانەی ڕژێنەکە کە ماوە لە دوای نەشتەرگەرییەکە بەجێ ماوە لە ناو ببرێت و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە نەهێڵێت.
لە دوای نەشتەرگەری دەبێت (٦ بۆ ١٢) مانگ جارێک سەردانی دکتۆر بکرێت بۆپشکنینی مل، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دووبارە نەخۆشییەکە سەری هەڵنەداوەتەوە، ئەمەش بە پشکنینی لیمفە گرێکانی مل دەکرێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە لە لیمفە گرێکانی ملدا گرێکە سەرهەڵداتەوە.
لە دوای نەشتەرگەرییەکە پێویستە ثایرۆکسین(Thyroxine) بە بڕی (۰٫۱ میلیگرام) لە ڕۆژێکدا بەکاربهێنرێت .
شێرپەنجەی فۆلیکیۆلەری جۆری هەرثڵ:
جۆرێکە لە شێرپەنجەی فۆلیکیولەری ڕژێنی پەریزاد(غوددە)، ئەم جۆرە تایبەتمەندە بە خانەی ئۆگزیفیڵ( Oxyphil)، بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی هەرثڵ بۆ لیمفەگرێیەکانی مل زیاترە لە فۆلیکیولەری.