نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

گرێی ریشاڵی Fibroadenoma


گرێیەکی خاوێنە، دەورە دراوە بە کیف ھەر بۆیە لوس و توندە. ھەروەھا ئازاری نییە لە کاتی دەست لێداندا و بە ئاسانی دەجوڵێت. بەربڵاوە لەنێو ئەو خانمانەی کە تەمەنیان لە نێوان (١٥-٢٥) ساڵیدایە، (١٥٪)‏ی گرێکانی مەمک پێکدەھێنێت، ئەم جۆرە لە گرێ ھۆکارەکەی لادانی خانەکانی مەمکە لە گەشەی ئاسایی خۆیان.هەروەها ئەم گرێیانە بچووک دەبنەوە ونامێنن کاتێک ئافرەتەکە دەگاتە تەمەنی نائومێدی.

جۆرەکانی گرێی ریشاڵی :
١- گرێی ریشاڵیی ھەرزەکاری: ئەم جۆرە زیاتر لە کچانی گەنجدا ڕوودەدات (خوار تەمەنی ٣٠ ساڵی)، کە پێکھاتەکەی ڕەقترە و زیاتر لە ڕیشاڵ پێکھاتووە.
٢- گرێی ریشاڵیی ئاڵۆز: کە زۆربەی کات لەدوای تەمەنی (٣٠) ساڵییەوە ڕوودەدات، پێکھاتەکەی نەرمترە و زیاتر لە خانە پێکھاتووە.

چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
١-پشکنین لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە.
٢-سۆنەر.
٣-شانه هەڵگری مەمک ،واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا (ھەندێ جار).
٤-مامۆگرافی.

ڕێگاکانی چارەسەر:
١- چاودێریکردن و سەردانکردنی پزیشک ھەر(٦) مانگ جارێک: ئەگەر ھاتوو بچووکتر بوو لە (٣) سم.
٢- لابردن بە نەشتەرگەری: ئەگەر ھاتوو قەبارەکەی گەورەتر بوو لە (٣) سم، یاخود لە جۆری گرێی ریشاڵیی ئاڵۆز بوو.