نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

گرێی فایلۆدی (phyllodes tumor)


 ئەم گرێیە لە خانەکانی تەنیشت بۆڕی شیر دروستدەبێت،گرێیەکە کە خێرا گەشە ئەکات و (١٪) گرێی مەمک پێک دێنێت.
گرێی فایلۆد لە مەمکی ئافرەتاندا روودەدات، وە دەرکەوتنی لە تەمەنی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵی دەست پێ دەکات و ھیچ ئازارێکی نییە، زۆربەیان قەبارەکەیان (٤) سم دەبێت، بەڵام (٢٠٪)‏ ی گرێکان قەبارەیان دەگاتە (١٠)سم یان زیاتر، کە پێیان دەوترێت گرێی فایلۆدی زەبەلاح. ئەم گرێیە شێوەیەکی گرنج گرنجی ھەیە لە ڕووکەشەکەی شێوەی گەڵایی ھەیە.

پێستی مەمک ھەندێک گۆرانکاری بەسەر دێت وەکو:
١- سووربوونەوە
٢-برین لەسەر پێستەکە
٣- کشانی مولوولەی خوێن
ھۆکاری ڕوودانی ئەم گۆڕانانە لەسەر پێستی مەمک ئەگەرێتەوە بۆ فشار درووستکردنی گرێ فایلۆدییەکە لەسەر مەمکەکە، بەڵام گۆی مەمک و گرێ لیمفییەکان ھیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نایەت، کە ئەمە خالێکی گرنگە بۆ جیاکردنەوەی لەگەڵ شێرپەنجەی مەمک.  

جۆرەکانی گرێی فایلۆدی چین:
١- جۆری یەکەم گرێی پاک(benign)ە کە (٨٥٪)‏ی حاڵەتەکان پێکدێنێت، ئەم جۆرە ئەگەری سەرھەڵدانەوەی کەمە .
٢- جۆری دووەم گرێی مامناوەند( borderline )ە، کە ئەم جۆرەیان تایبەتمەندیی ھەردوو جۆری پاک و شێرپەنجەییان ھەیە .
٣- جۆری سێییەم گرێی شێرپەنجەیی(malignant)ە، کە ئەم جۆرەیان ئەگەری سەرھەڵدانەوەیان بەرزە و لەگەل جۆری مامناوەند (١٥٪)‏ پێکدێنن .

پشکنینەکان:  
یەکەم جار پزیشک بە دەست لێدان پشکنین بۆ مەمک دەکات و لە کاتی دۆزینەوەی گرێکە نەخۆشەکە دەنێردرێت بۆ کردنی:
١-  سۆنەر
٢-مامۆگرام
٣- ئەشیعەی تەنوری
٤ -شانه هەڵگری مەمک ،واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا.

چارەسەرەکانی گرێی فایلۆدی چین ؟
باشترین چارەسەر بۆ ئەم گرێیە نەشتەرگەری دەرھێنانی گرێکەیە، جۆری نەشتەرگەرییەکە دەگۆڕێت بەپێی جۆری گرێکە.
١- ئەگەر گرێکە لە جۆری پاک بوو، ئەوا تەنھا گرێکە دەردەکرێت لەگەل (١) سم چواردەوری گرێکە (Lumpectomy).
٢- جۆری دووەم ئەگەر گرێکە زۆر گەورە بوو یان لە جۆری مامناوەند بوو، ئەوا لەگەڵ گرێکە پارچەیەک لە مەمکەکە هەڵدەگیرێت (WLE)
٣- جۆری سێیەم ئەگەر گرێ فایلۆدییەکەمان لە جۆری شێرپەنجەیی بوو، ئەوا مەمکەکە بە تەواوەتی لادەبرێت، بەڵام گرێ لیمفییەکان دەھێڵدرێنەوە، وە نەخۆشەکە دوای نەشتەرگەری چارەسەری تیشکی بۆ دەکرێت (Simple mastectomy).