نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

نەخۆشی مۆندۆر Mondors Disease


نەخۆشییەکی دەگمەنی مەمکە، بەڵام گرێیەکی پاکەو مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی نییە و ئافرەتان زیاتر تووشی دەبن، ئەم نەخۆشییە بەھۆی ھەوکردنی خوێنھێنەرێک کە دەکەوێتە ژێر پێستی مەمک یان دیواری سینگ کە بە (Thrombophlebitis) ناسراوە ڕوودەدات، بەمەش دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر ھەریەک لە خوێنھێنەرەکانی مەمک، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر خوێنھێنەرەکانی دەرەوەی مەمک یان ژێر گۆی مەمک ھەیە، ھەرچەندە ئەم نەخۆشییە نابێتە ھۆی شێرپەنجەی مەمک، بەڵام لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا دەکرێ نیشانەیەک بێت لە شێرپەنجەی مەمک .

ھۆکارەکانی :
- ڕاھێنانی سەخت
- بوونی برین لە مەمک
- لەبەرکردنی جلوبەرگی زۆر توند، ھەرچەندە ئەم ھۆکارە دەگمەنە.
ھەروەھا ئەم نەخۆشییە ھەندێکجار دوای نەشتەرگەری مەمک روودەدات، ئەگەر کاریگەرییەکانی ئەم نەخۆشییە لە دوای نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک ڕووبدات لە بن باڵ ئەوا پێی دەڵێن Cording یان Axillary Web Syndrome.

نیشانەکانی :
ئەم نەخۆشییە وەکو خەتێکی باریک لە ژێر پێستی مەمکدا دەردەکەوێت کە زۆر جار لە کاتی دەست لێدان:
١- سووردەبێتەوە
٢- ئازاری ھەیە
بەڵام بە تێپەڕبوونی کات خەتە باریکەکە بێ ئازار و ڕەق دەبێت، ئەگەر قۆڵی بەرزبکرێتەوە ئەوا دەبێتە ھۆی درێژبوونەوەی پێستی سەر مەمک.

دەستنیشان کردن :
- ئەشیعەی مەمکX-ray
- سۆناری مەمکUltrasound

چارەسەر :
بە شێوەیەکی گشتی ئەم نەخۆشییە پێویستی بە چارەسەر نییە، بەڵکو دواتر خۆی باش دەبێتەوە، ڕەنگە ئازارەکەی ماوەی دوو ھەفتە یان مانگێک بخایەنێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێویست بە حەسانەوە دەکات، بۆ ئازارەکەش نەخۆش دەرمانی دژە ھەوکردن یان جێڵێک بەکاردێنێ لەژێر ڕێنمایی پزیشک .