بریتییە لە حاڵەتێکی دەگمەنی زۆربوونێکی نائاسایی خانە و شانەکانی مەمک، کە پێکھاتووە لە بڕی جیاوازی نائاسایی لە چەورییەشانە و ڕیشاڵەشانە و ڕژێنەشانەی مەمک، وەک گرێیەک دەردەکەوێت کە بە بەرگێکی تەنک دەورەدراوە.گرێیەکی پاکەو مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی نییە،هەروەها (٤-٨٪) ی نەخۆشییە بێمەترسی و پاکەکانی (benign) مەمک پێکدێنێت.
ھۆکارەکانی ھەمەڕتۆمای مەمک چین؟
ھۆکاری توشبوون بە ھەمەڕتۆمای مەمک بە نادیاری ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وا دادەنرێت کە پەیوەندی ھەبێت بە یەکێک لەم نەخۆشییە بۆماوەییانە:
Pallister-Hall syndrome
Cowden syndrome
Tuberous sclerosis
ئەم حاڵەتانە نەخۆشی بۆماوەیین و دەبنە ھۆی زیاد گەشەکردنی شانەکان.
نیشانەکانی ھەمەڕتۆمای مەمک چین؟
ئەم حاڵەتە زۆربەی کات ھیچ نیشانەیەکی نییە، بەڵام لە ئەگەری گەورەبوونی گرێکە نەخۆش تووشی ناڕەحەتی دەبێت بەھۆی پەستان درووستکردن لەسەر شانەکانی دەوروبەر، وە تێکچوونی شێوەی مەمکەکە و گەورەبوونی.
(٦٠٪)ی ھەمەڕتۆمای مەمک بێنیشانەن و ناتوانرێ بە دەستلێدان ھەستی پێبکرێت، لەبەر بچووکی قەبارەیان و لێکچوونیان لە شانە ئاساییەکانی مەمکەکە.
وە ئەوانەی لەکاتی پشکنینی مەمکدا(دەستلێدان)دەردەکەون، وەک گرێیەکی خڕ یاخود ھێلکەیی نەرم و جوڵاو دەردەکەون.
چۆن ھەمەڕتۆمای مەمک دەستنیشان دەکرێت؟
لەپێشتردا کەمتر دەستنیشاندەکرا، بەڵام لە ئێستادا بەھۆی زیاتر بەکارھێنانی ئامڕازەکانی دیاریکردنی گرێی مەمک، بەڕێکەوت زیاتر دەستنیشاندەکرێت و حاڵەتەکان زیاتر دەردەکەون.
دەستنیشاندەکرێت بە بەکارھێنانی:
- ئەشیعەی مەمک mammogram
- سۆنەری مەمک ultrasound
- MRIبەشێوەیەکی ڕۆتینی بەکارناھێنرێت، ھەرچەندە دەکرێت بەڕێکەوت تیایدا دەربکەوێت.
- شانه هەڵگری مەمک ،واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا( لەڕێگەی Core biopsy )
چۆن چارەسەری ھەمەڕتۆمای مەمک دەکرێت؟
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کە گرێکە قەبارەی بچووکە و ھیچ کاریگەری لاوەکی زیانبەخشی نییە، پێویست بە چارەسەر ناکات.لەم بارەدا پێویستە نەخۆش چاودێری بکرێت بۆ تێبینیکردن و ئەگەری گەورەبوونی گرێکە.
لە ئەگەری گەورەبوون و مەترسیداربوونی گرێکە، پێویست بە نەشتەرگەری لابردنی گرێکە دەکرێت، وە دوای نەشتەرگەری پێویستە نەخۆش بۆماوەی ١-٢ ساڵ لەژێرچاودێری پزیشکدا بێت،ھەر شەش مانگ جارێک ئەشیعە و سۆنەری مەمکی بۆ ئەنجامبدرێت بۆ دڵنیابوون لە جێگیری بارودۆخی نەخۆش و دووبارە سەرھەڵنەدانەوەی گرێکە.
کێن ئەوانەی زیاتر ئەگەری توشبوون بە ھەمەڕتۆمای مەمکیان ھەیە؟
- ئافرەتان زیاتر لە پیاوان ئەگەری توشبوونیان ھەیە.
- ئافرەتان لە ناوەڕاستەکانی تەمەنیان(٣٥-٥٥)ساڵ لە دەوروبەری تەمەنی نائومێدی.
- قەڵەوی
- ئەو ئافرەتانەی کە سەرەتای کەوتنەسەرخوێنیان (menarch)پێش تەمەنی (١٢)ساڵیە وە تەمەنی نائومێدیان (menopause)دوای (٥٥)ساڵییە، واتە بوونی ماوەیەکی درێژتر لە ئاسایی لەنێوان کەوتنەسەرخوێن و تەمەنی نائومێدی، بەھۆی کاریگەری ھۆڕمۆنەکان لەسەر مەمک.
- بەکارھێنانی چارەسەری ھۆڕمۆنی(HRT) دوای تەمەنی نائومێدی.
- بەکارھێنانی حەبی ڕێگری دووگیانی.
- ئەو ئافرەتانەی یەکەم دووگیانبوونیان لە تەمەنێکی درەنگدایە(دوای تەمەنی ٣٥ ساڵی)
- ئەو ئافرەتانەی کە شیر نادەن بە منداڵەکانیان.