یەکێکە لە خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکان، کە تیایدا خانەکانی بەرگرییە کۆئەندام بەهەڵە و لەخۆوە پەلاماری خانە ئاساییەکانی ڕژێنی پەریزاد دەدەن و وردەوردە دەبنە هۆی پەککەوتنی ڕژێنەکە، بۆیە بە باوترین هۆکاری ڕژێنی پەریزاد(غوددە)ی تەمەڵ دادەنرێت لەو ناوچانەی جیهان کە بڕی ئایۆداین تیایاندا زۆرە.
هۆکارو مەترسیيەکان توشبوون بە هەوکردنی هاشیمۆتۆی ڕژێنی پەریزاد چین؟
هۆکاری تەواوەتی نازانرێت بەڵام تێکەڵێک لە هۆکاری بۆماوە لەگەڵ هۆکاری ژینگەیی و هۆڕمۆنەکان ڕۆڵدەبینن وەک:
١) زۆر وەرگرتنی ئایۆداین لەڕێگەی خۆراکەوە.
٢) تووشبوون بەزیندەوەرە تووشکەرەکانی وەک ڕووبێلا، ڤایرۆسی EB، یەرسینیا، ڤایرۆسی ڕیترۆ و هتد.
٣) سترێس.
٤) بوونی نەخۆشییەکی ڕژێنی پەریزاد، یا خۆیە بەرگرییە نەخۆشییەکان لەناو خێزانەکەت.
٥) بوونی نەخۆشییە بەرگرییەکانی تر لە هەمان نەخۆش، وەک: ڕۆماتیزم، شەکرەی جۆری یەک، گورگە سورە و هتد..، مەترسی تووشبوون زیاددەکەن.
٦) بەرکەوتنی بە تیشک.
٧) ڕەگەز: لە ئافرەتان باوترە (ڕێژەی پیاو بۆ ئافرەت ١٠:١ بۆ ٢٠).
٨) تەمەن: لەهەر تەمەنێک دەکرێ ڕووبدات، بەشێوەیەکی زیاتر لەنێوان تەمەنی ٣٠ بۆ٥٠ ساڵی.
دەرکەوتە کلینیکیەکانی نەخۆشییەکە:
- زۆربەی کات هەردوو پلی ڕژێنەکە گەورەدەبن بە شێوەیەکی بێ ئازار و بڵاوەبوو و پتەو (جاروباریش تەنها یەک پل دەگرێتەوە).
- لەسەرەتاوە دەکرێت ڕژێنەکە/غوددەکە بەدەست لێدان ئازاری هەبێ و کەمێک چالاکببێت لەدەردانی هۆڕمۆنەکان (Hashitoxicosis)، دواتر ئاسایی ببێتەوە (Euthyroid)، وە پاشان ناچالاک/تەمەڵبێت (Hypothyroid)، لەم کاتەدا هەردوو هۆڕمۆنی (T3) و (T4) وردەوردە دادەبەزن و هۆڕمۆنی (TSH) بەرزدەبێتەوە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە ڕژێنەکە دەپوکێتەوە و بەڕیشاڵ دەبێت.
زۆربەی نیشانەکانی پەیوەندیيان بەکەمی هۆڕمۆنەکانەوە هەیە، وەک:
- ماندووێتی، خەواڵوویی و قورسی لە فێربوون.
- وشکی و قرچۆکی موو و نینۆکەکان.
- وشکی و خرۆی پێست، ئازاری ماسولکەکان.
- ئاوسانی دەموچاو، قەڵەوی و زیادبوونی کێش.
- هێواشی لێدانی دڵ، بەرگەنەگرتنی سەرما، قەبزی.
- زۆر لێڕۆشتنی خوێن لە کاتی سووڕی مانگانە.
- خەمۆکی.
ئەو پشکنینانەی کە دەکرێن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:
ــ پشکنینی هۆڕمۆنەکانی (T3 ,T4 ,TSH).
ــ دژەتەنەکانی(Anti-TPO , Anti-TG).
لە ٨٥٪ی نەخۆشەکان بەرزبوونەوە لە دژەتەنەکانی ڕژێنی پەریزاددا دەبینرێت.
ــ (FNA) وەرگرتنی شانە لەڕێگەی دەرزییەکی زۆر باریکەوە، کە تایبەتمەندی نەخۆشییەکەی تیادا دەبینرێت لەژێر مایکرۆسکۆبدا، وەک:
١) دزەکردنی بەربڵاوی لیمفە خانەکان بۆناو ڕژێنەکە.
٢) بوونی خانەکانی (Hurthle) کە تایبەتمەندە بۆ ئەم جۆرەی نەخۆشی.
ــ لە سۆنەردا ڕژێنەکە (وەک پێستی زەڕافە دەردەکەوێت).
چارەسەر:
- بۆ جێگرتنەوەی کەمی هۆڕمۆنەکان حەپی (Levothyroxine) بەکاردێت.
- چارەسەری ستیرۆیدی هەندێ جار یارمەتیدەرە.
- نەشتەرگەری هەندێ جار دەکرێت لەئەگەری:
١) پێشبینی کردنی مەترسی شێرپەنجە.
٢) کاتێک گەورەبوونی ڕژێنەکە ناڕەحەتی بۆ نەخۆشەکە دروستبکات، لێرەدا بەشێک لە ڕژێنەکە لێدەکرێتەوە.
٣) بۆ جوانکاری لەو شێواوییەی گەورەبوونی ڕژێنەکە دروستی کردووە.
- هیچ ڕێگەیەکی زانراو نییە بۆ بەرگریکردن لە هەوکردنی هاشیمۆتۆ، چونکە لەم نەخۆشییەدا لەش وەک بێگانەیەک شانەکانی خۆی دەبینێت، بەڵام خۆشبەختانە تا زووتر دەستنیشانبکرێ زووتر دەتوانرێ دەست بەوەرگرتنی چارەسەربکرێ و پێشبینی چاکبوونەوەشی زیاترە.
لێ پیسکردنەکان:
١) گەورەبوون و ئاوسانی ڕژێنەکە(Goiter).
٢) کێشەکانی دڵ.
٣) کێشە تەندروستییەکانی دەروون، وەک خەمۆکی و بەهێواشی ئیشکردنی بیروهۆش.
٤) ئاوسانی لەش.
٥) ناتەواوییەکانی لەدایکبوون، وەک مەڵاشوی قڵیشاو لەو منداڵانەی دایکیان ڕژێن/غوددەی تەمەڵییان هەیە بەهۆی هەوکردنی هاشیمۆتۆوە و چارەسەریان وەرنەگرتووە.
*تێبینی//هەوکردنی هاشیمۆتۆ مەترسی گۆڕانی بۆ هەردوو شێرپەنجەی پاپیلەری و لیمفۆمای ڕژێنەکە هەیە (Papillary carcinoma & Non-Hodgkin B-cell lymphoma).