نەخۆشەکانی غوددەو گرێکانی سەرو مل

ڕژێنی پەریزاد ( غوددە)ی کەمکار چییە؟


بریتییە لە سستبوون و کەمبوونەوەی زیندە چالاکی ڕژێنی پەریزاد کە ناتوانێت بڕی پێویستی دەردراوەکان (هۆڕمۆنەکانی T3 و T4) دروستبکات بۆ بەکارهێنان لە زیندە چالاکییەکانی، وە کەمی هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد لە خوێندا ئەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هۆڕمۆنی (TSH) کە یەکێکە لە دەردراوەکانی پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن (Anterior Pituitary Gland)، وە بوونی پێویستی بۆ هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد دەردەخات.

ئایا هۆکارەکانی ناچالاکی ڕژێنی ڕژێنی پەریزاد (غوددە) چین؟

 بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی دەکرێن بە سێ بەشەوە:

هۆکاری یەکەمی: واتە بەهۆی نەخۆشییەک لە خودی ڕژێنی پەریزاد خۆیدا، یان بەهۆی لابردنی بەشێک لە ڕژێنەکە بە نەشتەرگەری.
هۆکاری دووەمی: بەهۆی کەمبوونەوەیەکی نائاسایی لە چالاکی ژێر مێشکە ڕژێن (hypopituitarism)، کە شوێنێکە لە مێشک دەست دەگرێت بەسەر چالاکی زۆرێک لە ڕژێنەکانی لاشە و لەناویشیاندا ڕژێنی  پەریزاد.
هۆکاری سێیەمی: بەهۆی بوونی نەخۆشییەك لە ژێرلانک (hypothalamic diseases)، کە ئەمیش بەهەمان شێوە بەشێکە لە مێشک کە کۆنتڕۆڵی دەردراوەکانی ژێرمێشکەڕژێن دەکات.

 باوترین هۆکارەکان:

٭ نەشتەرگەری لابردنی ڕژێنی پەریزاد یاخود بەشێکی، هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد (غوددە).

٭ هەرلەسەرەتاوە دروست نەبوونی ڕژێنەکە لە قۆناغی کۆرپەلەییدا یاخود باش گەشەنەکردنی لەدوای لەدایکبونییەوە، کە دەبێتە هۆی کەمی ئەنزیمە پێویستەکان بۆ دروستبوونی دەردراوەکانی ڕژێنی پەریزاد (هۆڕمۆنەکان).

٭ کەمی یۆد: وەکو ڕوودەدات لە ئەنجامی هۆکارەکانی وەک:
ـ نەخۆشی هاشیمۆتۆ Hashimoto's thyroiditis: کە نەخۆشیەکی بەرگری دژەخۆییە، سیستەمی بەرگری نەخۆشەکە بەهەڵە هێرش ئەکاتە سەر خانەکانی ڕژێنی پەریزاد و لەناوی دەبات.
ـ دەرمانەکانی دژە ڕژێنی پەریزاد (Anti-thyroid drugs).

٭ تیشکی یۆد(Radioiodine): کە جۆرە چارەسەرێکە بەکاردێت لە حاڵەتی زۆر چالاکی ڕژێنی پەریزاد و دەبێتە هۆی ناچالاکی ڕژێنەکە.

٭ دەرمان: وەکو دەرمانی Lithium و Amiodarone کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی چالاکی ڕژێنی پەریزاد.

٭ هەندێك لە ئافرەتان لەکاتی سکپڕیدا یاخود لەدوای سکپڕی تووشی سستی ڕژێنی پەریزاد دەبن، کە هەندێکجار بەهۆی دروستکردنی دژەتەنەکانەوەیە دژی ڕژێنی پەریزاد (غوددە).


نیشانەکانی نەخۆشی ڕژێنی پەریزادی کەمکار:

کاتێك هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد وردە وردە کەم ئەبنەوە، شێواز و کارکردنی لەش بەرەو هێواشبوونەوە دەڕوات و بەشێوەیەکی گشتی هەست بەم نیشانانە یاخود چەند دانەیەک لەم نیشانانە دەکرێت:

٭ زوو ماندوو بوون و هیلاکی بەردەوام.
٭ زیادبوونی کێش.
٭ بەرگەنەگرتنی ساردی.
٭ گەورەبوونی  ڕژێنی پەریزاد (Goiter).
٭ زۆربوونی ڕێژەی چەوری لە خوێندا.
٭ گڕبوونی دەنگ و کەمبوونەوەی بیستن.
٭ خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی.
٭ ئازاری ماسولکە یاخود کار بۆ پێنەکرانی ماسولکەکانی لەش پێکەوە.

کۆمەڵە نیشانەیەکی پەیوەندیدار بە:

ـ دڵ و بۆڕییەکانی خوێن: (کەمبوونەوەی لێدانی دڵ، وەناقە، سستی دڵ، تێزانی خوێن لە پەردەی دڵدا، گرژبوونی بۆڕییەکانی خوێن).

ـ خوێن: (کەم خوێنی).

ـ پێست: (وشکبوونی پێست، پەیدابوونی پەڵەی سپی لەسەر پێست، لاوازبوون یان وەرینی موو، سووربوونەوەی پێست).

ـ کۆئەندامی زاوزێ: (نەزۆکی، زۆر خوێن لێ ڕۆیشتن لەکاتی کەوتنەسەر خوێندا لە ئافرەتان، زۆربوونی شیر لە ئافرەتانی شیردەردا).

ـ جۆگەی هەرس: (قەبزی، گیرانی ڕیخۆڵە).

ـ گەشەکردن: (دواکەوتنی گەشەی عەقڵ، دواکەوتنی باڵغبوون).


چۆن دەستنیشانی نەخۆشی ناچالاکی و سستی ڕژێنی پەریزاد (غوددەی تەمەڵ) دەکرێت؟
باشترین دەست نیشانکردن بۆ ئەم نەخۆشییە پشت دەبەستێت بە ئەمانەی خوارەوە:

٭ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بوون و نەبوونی نەخۆشییەکە لە کەسە نزیکەکانی ئەندامانی خێزان، چونکە هەندێك جۆر لە نەخۆشی غوددە بۆماوەیی دەگوازرێتەوە لە باوانەوە بۆ وەچەکان لە چوارچێوەی خێزاندا.

٭ پشکنینی کرداری، بەنموونە لەڕێی دەست لێدان یاخود سەیرکردنی ئاوساوی و ڕەنگی پێست و تێبینی کردنی هەر گۆڕانێكی نائاسایی.

٭ پشکنینی خوێن، یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی بەکار دەهێنرێت بۆ دەست نیشانکردنی نەخۆشییەکە کە زۆرجار ئەم دوو جۆر پشکنینی خوێنە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی سستی ڕژێنی پەریزاد:

ـ پشکنینی ڕێژەی هۆڕمۆنی TSH کە گرنگترین و هەستیارترینیانە، و ئەوە پێوانە دەکات تا چی ئاستێك هۆڕمۆنی T4 لە ڕژێنی پەریزاد پێویستە بۆ دروستکردن، بۆیە ڕێژەی بەرزی نائاسایی ئەم هۆڕمۆنە ئەوە دیاری دەکات کە پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ هۆڕمۆنی ڕژێنی پەریزاد، کە کەمی چالاکی و سستی ڕژێنی پەریزاد دەستنیشان دەکات.
ـ دووەم جۆری پشکنین بریتییە لە پێوانەکردنی ڕێژەی T3 و T4، کە دوو دەردراو (هۆڕمۆن)ی ڕژێنی پەریزادن بۆیە لەکاتی کەمبوونەوەی چالاکی ڕژێنەکە ئەم دوو هۆڕمۆنە لەناو خوێندا کەم دەبنەوە.

 

چی جۆرە کەسانێك زیاتر لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بە نەخۆشی سستی و ناچالاکی ڕژێنی پەریزاد؟

هەرچەندە هەموو کەسێك ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشییە هەیە، بەڵام ئەمانەی خوارەوە مەترسی زیاتریان هەیە بۆ تووشبوون:

٭ ئافرەتان زیاتر تووش دەبن وەك لە پیاوان.
٭ ئەوانەی تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە.
٭ بوونی نەخۆشیەکی بەرگری دژەخۆیی تر بەنموونە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەك، ڕۆماتیزمە و هتد.
٭ ئەو کەسانەی کە چارەسەری تیشکدەری یۆدیان وەرگرتووە کە ناسراوە بە (Radioactive iodine therapy) یاخود ئەوانەی دەرمانی دژە ڕژێنی پەریزادیان وەرگرتووە.
٭ ئەوانەی نەشتەرگەری لابردنی بەشێک لە ڕژێنی پەریزادیان بۆ کراوە.
٭ ئافرەتانی سکپڕ یان ئەو ئافرەتانەی کە لە شەش مانگی پێشودا مناڵیان بووە.

 

ئایا نەخۆشی سستی ڕژێنی پەریزاد (غوددەی تەمەڵ) چارە دەکرێت؟
بۆ زۆرینەی نەخۆشەکان دەکرێت کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکرێت لەڕێی پێدانی ئەو دەرمانانەی کە هاوشێوەن لەگەڵ هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد یاخود ئەو دەرمانانەی کە هانی دروستبوونی زیاتری هۆڕمۆنەکە دەدات لە ڕژێنەکەدا، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی ڕێکخستنەوە و گێڕانەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنی TSH و T3 و T4 بۆ ڕێژەی ئاسایی خۆیان لەناو خوێندا. بۆنموونە:

٭ پێدانی دەرمانی L-Thyroxine (L-T4) و Triiodothyronine (T3) دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی T4 و T3 و لەدوایشدا نزمکردنەوەی TSH بۆ ڕێژەی ئاسایی خۆیان.

٭ ئەو نەخۆشانەی بەتەمەنن و نەخۆشی دڵیان هەیە سەرەتا ڕێژەیەکی کەمتر لە دەرمانەکەیان دەدرێتێ و پاشان بەرەبەرە بڕەکەی بەرزدەکێتەوە بۆ ڕێژەی پێویست.

 

ئایا نەخۆشی سستی ڕژێنی پەریزاد (غوددەی کەمکار) ئەگەری خراپتر بوونی هەیە؟

ئەگەر نەخۆشەکە چارەسەری پێویست وەرنەگرێت بەڵێ ئەگەری خراپتربوونی هەیە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەند کێشەیەکی تری تەندروستی، وەکو:

٭ زیاتر و زیاتر گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد (Goiter).

٭ زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی چەوری خراپ (LDL) لە خوێندا.

٭ زیادبوونی خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی.

٭ زیان گەیاندن بە دەمارە خانەکان کە زانیارییەکان دەگوازنەوە لە مێشکەوە بۆ ئەندامەکان.

٭ میکزیدیما (Myxoedema): نەخۆشییەکی دەگمەنی پێستە و هۆکارەکەی زۆر کەمبوونەوەی چالاکی ڕژێنەکانی ڕژێنی پەریزادە، کە دەبێتە هۆی وشکبوون و ئاوسانی پێست بەتایبەتی لە دەم و چاو، نزمبوونەوەی پلەی گەرمای لەش، کەمبوونەوەی ڕێژەی هەناسەدان، لێدانی دڵ و ڕێژەی شەکر لە خوێندا.

٭ نەزۆکی، کەمی هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد بۆماوەیەکی دوورودرێژ دەبێتە هۆی تێکدانی هۆڕمۆنەکانی زاوزێ لە پیاوان و ئافرەتاندا.

٭ پەککەوتنی گورچیلەکان، سستییەکی زۆری ڕژێنی پەریزاد دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆشتنی خوێن بۆ گورچیلەکان و کەمبوونەوەی چالاکییان.

نەخۆشی کریتینیزم Cretinism:

بریتیە لە ناچالاکییەکی زۆری ڕژێنی پەریزاد لە کۆرپەلە یاخود منداڵی تازە لەدایکبوودا، ڕوودەدات بەهۆی کەمی دروستبوونی دەردراوەکان (هۆڕمۆنەکان)ی ڕژێنی پەریزاد لە تەمەنی کۆرپەلەیی یاخود ساواییدا، کە ڕێژەی تووشبوونی منداڵانی تازە لەدایکبوو بەم نەخۆشییە تەنها یەك منداڵە لە ٤٠٠٠ منداڵی لەدایکبوو.

دەکرێت هۆکاری نەخۆشی کریتینیزم بگەڕێتەوە بۆ یەکێك لەمانە:

٭ دروست نەبوونی ڕژێنی پەریزاد لە کاتی کۆرپەلەییدا.

٭ خراپ دروستبوونی هۆڕمۆنی ڕژێنی پەریزاد.

٭ ڕوودانی هەڵەیەک لە تێکشکان و بەکارهێنان (میتابۆڵیزم)ی هۆڕمۆنی ڕژێنی پەریزاد.

٭ کەمی بەها خۆراکییەکان لە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراودا.

نیشانەکانی نەخۆشی کریتینیزم:

٭ گڕی دەنگی منداڵەکە بەتایبەتی لەکاتی گریاندا.

٭ گەورەبوونی زمان.

٭ دەڕپەینی بەشێک لە هەناو (فتق) لە شوێنی ناوکەوە.

٭ ئەستوور بوونی پێست.

٭ هۆڕمۆنی TSH بەرزدەبێتەوە لەخوێندا لەکاتێکدا T3 و T4 دادەبەزێت.