نەخۆشەکانی غوددەو گرێکانی سەرو مل

ڕژێنی پەریزادی کەمکاری بێ نیشانە(شاراوە)چییە؟


ڕژێنی پەریزادی کەمکاری بێ نیشانە(شاراوە)، جۆرێکە لە ڕژێنی پەریزادی کەمکار کە نەخۆش تیایدا ھیچ نیشانەیەکی دیار یاخود چەند نیشانەیەکی کەم و سوکی ڕژێنی پەریزادی کەمکاری ھەیە، بەڵام لە بڕی ھۆڕمۆنەکانی (T3 و T4 و TSH)دا جیاوازە (لە ڕژێنی پەریزاد ی کەمکاردا ھۆڕمۆنی T3 و T4 کەمن سەرەڕای بەرزی ھۆڕمۆنیTSH، بەڵام لەم جۆرەیاندا (غوددەی تەمبەڵی شاراوە)بڕی  T3 و T4 ئاساییە بەڵام TSH کەمێک لە بڕی ئاسایی بەرزترە). دەشێت پەرەبسەنێت و ببێت بە ڕژێنی پەریزادی کەمکاری ئاشکرا.

نیشانەکانی:

 زۆربەی کات نەخۆش ھیچ نیشانەیەکی دیاری نییە، وە نیشانەکانیش ھەمان نیشانەکانی ڕژێنی پەریزادی کەمکارن:

- خەمۆکی.
- زوو ماندوبوون و بێتاقەتی.
- زیادبوونی کێش.
- بەرگەنەگرتنی سەرما.
- وەرینی قژ.
- گەورەبوونی ڕژێنی سایرۆید.
- قەبزی.

 ھۆکارەکانی چین؟

 بەھەمان شێوەی ڕژێنی پەریزادی کەمکاری ئاشکرا دەکرێت ئەویش ھۆکارەکەی:

- بەھۆی تێکچوونی بەرگری لەش (بەرگری دژەخۆیی)((Hashimoto’s thyroiditis).
- کەمی یۆد.
- دوای نەشتەرگەری لابردنی بەشێک لە ڕژێنی سایرۆید.
- بەکارھێنانی (Radioactive iodine) کە بۆ چارەسەری غوددەی چالاک بەکاردەھێنرێت، دەبێتە ھۆی ناچالاکی ڕژێنەکە.
- بەکارھێنانی دەرمانی دژەسایرۆیدی.
- دوای بەکارھێنانی ھەنێ جۆری دەرمان وەک lithium و amiodarone دەکرێت توشی ئەم حاڵەتە ببین.

 

چۆن دەستنیشاندەکرێت؟

لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەتوانرێت دەستنیشانبکرێت، بۆ زانینی بڕی ھۆڕمۆنەکان (دیاریدەکرێت بە بەرزبوونەوەی بڕێکی کەمی TSH لەگەڵ T3 و T4ی ئاسایی).
بەهۆی ئەوەی بڕی TSH دەکرێت لەناو خوێندا بەرزی و نزمی بکات، بۆیە وا باشترە پشکنینەکە دوای چەند مانگێ دووبارە بکرێتەوە بۆئەوەی بزانرێ ئاخۆ TSH گەڕاوەتەوە بڕی ئاسایی خۆی یاخود نەخێر و دەستنیشانی حاڵەتەکەی پێبکرێت.

چارەسەرکردنی:

 بەپێی ئاستی ھۆڕمۆنی TSH و بارودۆخی نەخۆشەکە دیاریدەکرێت ئایە پێویست بە چارەسەر دەکات یاخود نەخێر.

 کەی پێویست بە چارەسەر دەکات؟

  کاتێ بڕی ھۆڕمۆنی TSH زیاتربوو لە 10mIU/L،  وە نەخۆشەکە لەبارودۆخێکدا بوو کە ببێتە ھۆی خراپتربوونی بارودۆخەکەی، بۆ چارەسەرکردن  دەرمانی (Levothyroxine)یان پێدەدرێت.

 

کێن ئەوانەی زیاتر ئەگەری توشبوونیان ھەیە؟

 - ڕەگەزی مێ زیاتر ئەگەری توشبوونیان ھەیە بە بەراورد بە ڕەگەزی نێر.

- کەسانی بەتەمەنداچوو زیاتر ئەگەری توشبوونیان ھەیە.