بریتییە لە جۆرێك لە ڕژێنی پەریزاد (غوددە) ی کەمکار كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەمی هاندانی ڕژێنی پەریزاد لەلایەن هۆڕمۆنی (TSH) كە پێی دەوترێ هۆڕمۆنی هاندەری ڕژێنی پەریزاد، كە ئەم هۆڕمۆنە لە لایەن ژێرمێشکەڕژێنەوە دەردەدرێ كاتێك لەش پێویستی بە هۆڕمۆنەكانی ڕژێنی پەریزاد دەبێت، بە مانایەكی تر واتە لەم نەخۆشییەدا ڕژێنی پەریزاد كێشەی نییە بەڵام لەبەر نەبوونی (TSH) ڕژێنی پەریزاد ئاگادار ناكرێتەوە كە هۆڕمۆنەكانی خۆی دەربدات.
هۆكارەكانی چیین؟
هۆكارەكانی ئەم نەخۆشییە زۆرن، دەكرێت زگماكی بن و دەكرێت بەدەستبهێنرێت لە هەر تەمەنێكدا، وە بە كۆمەڵێك هۆكاری جۆربەجۆر و جیاواز كە دەكرێت كێشە لە ژێرلانك (Hypothalamus) یان ژێرمێشكە ڕژێن (pituitary gland) دروستبكات { ئەم دوو بەشە هەردووكیان بەشێكن لە دەماغی مرۆڤ و بەرپرسی سەرەكین لە كۆنترۆل كردنی ڕژێنەكانی تری لاشەمان (لەوانەش ڕژێنی پەریزاد) لە ڕێگەی هۆڕمۆنە هاندەرەكانیانەوە لەوانەش (TSH) }، نموونەی هەندێ لە كێشەكان:
١) ناتەواوی لە جینۆم (بۆماوە ماددە)ی كەسەكە: ئەمەش خۆی چەندین كێشە دروستدەكات لەوانە ناتەواوی لە پێكهاتە یان فرمانی هۆڕمۆنی (TSH) كە ژێرمێشكە ڕژێن لێی بەرپرسە، یان هۆڕمۆنی (TRH) كە ژێرلانك لێی بەرپرسە، یان تێكچوونی وەرگرە پڕۆتینەكانی تایبەت بەم هۆڕمۆنانە.
٢) هەبوونی لوو یان گرێ: هەبوونی هەر لوویەك كە فشار لەسەر دەماغ دروستبكات، وە هەروەها كاریگەری لەسەر ژێرلانك و ژێرمێشكە ڕژێن دروستبكات، چ گرێیەك بێت كە ڕاستەوخۆ لە ژێرمێشكە ڕژێن بێت یان گرێیەك بێت كە لە شوێنێكی تری لاشەوە هاتبێ، وەك گرێی سەڕەتانی سییەكان،مەمك،ڕژێنی پەریزاد، هتد...
٣) بۆڕییەكانی خوێن: هەندێ جار تێكچوونی بۆڕییەكانی خوێن بەرپرسی تێكچوونی ژێرمێشكە ڕژێنە، بە نموونە لە كاتی خوێن بەربوونی پەردەی مێشك یان هەر بەشێك لە دەماغ كە وا دەكات پەستان زۆر بێت لەسەر دەماغ و ژێرمێشكە ڕژێن، یان بە تەنك بوونەوەی دیواری بۆڕییەكانی خوێن.
٤) هەوكردن یان (التهاب): ئەكرێ لە ڕێگەی بەكتریا یان كەڕوویەك بێت، یان جۆرەكانی تری هەوكردن.
٥) بەهۆی دەستتێوەردانێك: لێرەدا كەسەكە لە كاتی چارەسەركردن بۆ شتێك زیانی پێدەگات، بە نموونە كەسێك چارەسەری تیشكی وەرگرتووە بۆ هەبوونی گرێیەك لە مێشك بە مەبەستی چارەسەركردن، بەڵام لە هەمان كاتدا تیشكەكە زیانی پێی گەیاندووە، یان بۆ نموونە لە كاتی نەشتەرگەریدا.
٦) بەركەوتنێكی بەهێز بە سەر.
٧) بەكارهێنانی دەرمان: هەندێ دەرمانی بێهۆشكەری وەك مۆرفین بە شێوەیەكی بەردەوام، یان هەڵمژینی سیكۆتین (سەمغ).
نیشانەكانی چیین؟
- بە گشتی: شەكەتی، زۆربوونی كێش، هەست كردن بە سەرمایەكی زۆر، بەرزی ڕێژەی چەوری لە خوێن.
- دڵ و بۆڕییەكانی خوێن: خاو لێدانی دڵ، ئازاری سنگ، هەرەسهێنانی دڵ، كۆبوونەوەی ئاو لە ناو پەردەی دڵ.
- خوێن: كەمخوێنێ.
- پێست: وشك بوونەوەی پێست، سووربوونەوە، هەڵوەرینی موو، بەڵەك.
- كۆئەندامی زاوزێ: نەزۆكی، لێچوونی خوێنێكی زۆر لە كاتی سووڕی مانگانەدا، مەمك بزووتن (زۆربوونی شیر).
- كۆئەندامی هەرس: قەبزی.
- گەشەكردن: دواكەوتنی گەشەی مێشك و جەستە، دواكەوتنی پێگەشتن (باڵغ بوون).
- ئەوانی تر: دەنگ گڕ بوون، كەڕبوون، خەمۆكی، تێكچوونی جووڵەی ماسولكەكان، ئازاری ماسولكەكان، هتد...
دەستنیشانكردنی نەخۆشییەکە چۆن دەكرێت؟
بە شێوەیەكی سەرەكی پشکنینی خوێن بۆ هەریەكە لە هۆڕمۆنەكانی (4TSH,T3,T) بەكاردەهێنرێت، كە تیایدا هۆڕمۆنی (TSH) زۆر نزمە و هەریەكە لە هۆڕمۆنەكانی (T3,T4) كەمێك نزمترە لە باری ئاسایی لە ناو خوێندا.
چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- بە پێدانی هۆڕمۆنی سایرۆید لە ڕێگەی تابلێت (حەب)ەوە دەكرێت بە نموونە: (L-thyroxine) لە ڕۆژێكدا ( ١٠٠-١٥٠ مایكرۆگرام) دەبێت.
- یان (L-iodothyronine) (٢٠ مایكرۆگرام) ٣ جار لە ڕۆژێكدا.
ئەگەر چارەسەر نەكرێت كێشەكانی چی دەبێت؟
كێشەكانی دڵ، برینداركردن و زیانگەیاندن بە دەمارەكان و مێشك، نەزۆكی، وە لە حاڵەتە قورسەكاندا مردن.