بریتییە لە حاڵەتی بوونی ڕژێنی پەریزاد(ثایرۆید) لە سێیەکی بەشی پێشەوەی ناوەڕاستی زماندا، کە وەکو هەڵئاوسانێکی خڕ دەردەکەوێت لە بنکی زماندا، ئەم حاڵەتە باوترین جۆری هەڵکەوتنی ڕژێنی پەریزادە لە شوێنێکی تر جگە لە شوێنی ئاسایی خۆیدا، کە دەبێت لە بەشی خوارەوەی ملدا بێت، پێش قوڕقوڕاگە.
- لە هەر ۱۰٫۰۰۰ تا ۱۰۰٫۰۰۰ کەسێکدا یەک کەس ئەو حاڵەتەی هەیە.
- بەڵام بوونی بەشێک یان شانەی ڕژێنی پەریزادی، لە ۱۰٪ ی ئەو جەستانەی توێکاریان بۆ کراوە ئەو حاڵەتە درکپێکراوە.
- ئەگەری توشبوونی لە ئافرەتاندا سێ ئەوەندەی پیاوانە.
هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە چین؟
- بەهۆی سەرنەکەوتنە لە هاتنە خوارەوەی ڕژێنەکە لە بنکی زمان بۆ بەشی خوارەوەی مل، لە کاتی گەشەی کۆرپەلەییدا لە سکی دایکدا.
- هۆکاری ئەم حاڵەتە نادیارە، بەڵام وا پێشبینی دەکرێت دژەپەیداکەری دژەڕژێنی پەریزادی دایک ببێتە هۆی ڕاوەستانی هاتنە خوارەوەی ڕژێنەکە، چونکە لە کاتی گەشەی کۆرپەلە و دروستبوونی ڕژێنەکە لە بنکی زماندایە.
لێکەوتەکانی ئەم حاڵەتە:
زۆربەی حاڵەتەکانی ڕژێنی پەریزاد لە سێیەکی بەشی پێشەوەی ناوەڕاستی زمان بێ نیشانەن، بەڵام لە هەندێک توشبووی حاڵەتەکەدا کۆمەڵێک نیشانەش هەیە، وەکو:
ئەستەمی لە کاتی قوتدانی خۆراک، ناڕێکی لە قسەکردن، کۆکە، هەناسەبڕکێ لە کاتی خەودا، پڕخە پڕخ لە کاتی خەودا، گیرانی ڕێڕەوی هەوا.
نیشانەکانی زیاتر لە کاتی هەرزەکاری و دووگیانیدا دەردەکەون.
نیشانە جیاوەزەکانی دەستنیشانکردنی بوونی حاڵەتەکە:
- بوونی گرێ لە بەشی پێشەوەی سێیەکی زماندا.
- زیادبوونی قەبارەی ئاڵووی زمان(hypertophy).
پشکنینەکان: -
- Radioisotope: لەم پشکنینەدا بڕی ئەو یۆدەی کە لە لایەن ڕژێنەکەوە هەڵگیراوە دەستنیشان دەکرێت.
- Ultrasound: بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ڕژێنەکە لە شوێنی ئاسایی خۆیدایە یاخود نا، کە دەبێت لە بەشی خوارەوەی ملدا بێت پێش قوڕقوڕاگە.
- MRI: کە زۆر سوودبەخشە بۆ زانینی حاڵەتەکە.
- FNAC: پشکنینی شانەهەڵگری، کە وەرگرتنی نموونەی شانەیی ڕژێنەکەیە لە ڕێی دەرزی تایبەتەوە.
- پشکنینی فرمانی ڕژێنەکە: واتا پشکنینی ڕێژەی ئەو هۆڕمۆنانەی ڕژێنەکە دەریدەدات( T3,T4)، هەروەها هۆڕمۆنی ڕێکخەری فرمانی ڕژێنەکە بۆ دەردانی هۆڕمۆنەکانی (TSH)، کە لەگەڵ نەبوونی ڕژێنەکە لە شوێنی ئاسایی زۆرجار دەبێتە هۆی Hypothyroidism واتا پەریزاد(غوودە)ی تەمبەڵ، کە ڕێژەی T3,T4 لە خوێندا کەمدەبنەوە و TSHیش زیاد دەبێت.
چارەسەرەکانی:
- بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، کە بریتییە لە لابردنی ڕژێنەکە بەتەواوی لە کاتێکدا کە:
• قەبارەی گەورە بووبێت.
• بووبێتە هۆی گیران، وە زەحمەتی هەناسەدان و خۆراک قوتدان.
• بووبێتە هۆی خوێنبەربوون.
• بووبێتە هۆی پەیدابوونی گرێی پیس لە ڕژێنەکە(Malignant Neoplasm).
شێوازەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە:
-transoral robotic thyroid surgery: نەشتەرگەری پەریزاد کە لەڕێی دەمەوە ئەنجام دەدرێت.
-Lateral pharyngotomy: واتا لە ڕێی هەڵدرینی گەرووەوە.
-لە ئەگەری پێویست نەبوونی نەشتەرگەری، چارەسەری هۆڕمۆنی بەکاردێت، کە بە L_thyroxin ناسراوە.