ناسۆری کلینچکە

پێشبینی باشبوون لە ناسۆری کلێنچکە و هۆکارەکانی دووبارە دەرکەوتنەوەی ناسۆری کلێنچکە ؟


باش بوونی دوای چارەسەر (نەشتەرگەری یان لەیزەر) دەگەڕێتەوە بۆ رێگای بەکارھاتوو لەکاتی چارەسەرەکە و  تەمەن و گرنگی پێدانی نەخۆشەکە بە پاک و خاوێن راگرتنی شوێنی ناسۆرەکە.

-لەوانەیە بۆماوەیەک ئازار لەشوێنی ناسۆرەکە هەبێت.
-زۆربەی کەسەکان دەتوانن لەماوەی دوو بۆ چوار هەفتە (بەپێی جۆری چارەسەرەکەیان) بگەرێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.
- لە ٩٠% حاڵەتەکاندا لەماوەی یەک مانگدا برینەکە چاك دەبێتەوە.
 
هۆکارەکانی دووبارە دەرکەوتنەوەی ناسۆری کلێنچکە چییە؟
دووبارە دروست بوونەوەی ناسۆر دەگەڕێتەوە سەر جۆری چارەسەری بەکارهاتوو (نەشتەرگەری و لەیرەز و جێهێشتنی برینەکە بە کراوەی یان داخستنی) وە ماوەی چاودێری کردنی و ئاگاداربوون لە برینەکە.
بەڵام بەشێوەیەکی گشتی %10 بۆ 30% کەسەکان ئەگەری دووبارە دروست بونەوەی ناسۆرەکەیان هەیە (ئەم ڕێژەیە بە پێی توێژینەوەکان لەسەر شێوازی چارەسەری بەکارهاتوو جیاوازی هەیە).
 
ئەو هۆکارانەی وادەکەن ناسۆر سەر هەڵداتەوە بەکاتێکی کەم دوای چارەسەر؟
ئەگەر ناسۆرێك زوو دەرکەوتەوە دوای نەشتەرگەری ئەمە زیاتر هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەدۆزینەوەی ئەم ناسۆرە لەهەمان شوێن پێش چارەسەرەکە یان باش لانەبردنی لەکاتی نەشتەرگەری.
 
ئەو هۆکارانەی وادەکات ناسۆر سەر هەڵداتەوە دوای ماوەیەکی درێژ دوای چارەسەر (زیاتر لە ٦ مانگ)؟
بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەستانێکی زۆر لەسەر شوێنەکە (ئەوانەی کێشیان زۆرە و کارەکانیان دانیشتنی زۆری تیایە) وە هەوکردنێکی نوێ کە دەبێتە هۆی زیاتر کۆکردنەوەی موو و پیسایی.