جۆرێکی نەخۆشییە لە غوددەی مرۆڤدا، کە تیایدا غوددەی کەسەکە فرەگرێی تێدا دروستدەبێت، وە لەگەڵیشیدا هۆڕمۆنەکانی غوددە زیاتر دەردەدرێن بە بەراورد بە غوددەی ئاسایی، وە ئەم نەخۆشییە بە دووەم باوترین هۆکاری زۆر دەردانی هۆڕمۆنەکانی غوددە دادەنرێت.
ئەو هۆکارانە چین کە ئەگەری توشبوون بەم نەخۆشییە زیاد دەکەن؟
-مێژووی خێزانی (کەسیتر لە خێزانەکەدا هەبێ کە هەمان نەخۆشی هەبێت).
-ژنان زیاتر توشدەبن بە بەراورد بە پیاوان.
-جگەرەکێشان.
--فشار و قەلەقی.
-هەندێک جۆری دەرمان.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە چین؟
نیشانەکان بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکەوە دەردەکەون، ئەویش زیاد دەردانی هۆڕمۆنەکانی غوددە، و ئەو گرێیەی لە غوددەی کەسەکەدا دروستبووە.
ئەو نیشانانەی کە بەهۆی زیاد دەردانی هۆڕمۆنەکانی غوددەوە دروستدەبن:
-کەسەکە هەست بە گەرمایەکی زۆر دەکات.
-دابەزینی کێش.
-دەست لەرزین و ئارەقکردنەوەی زۆری دەستەکان.
-هەستکردن بە خێرا لێدانی دڵ.
-ناڕێکی سووڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.
ئەو نیشانانەی کە بەهۆی گرێی غوددەوە دەردەکەون:-
-قورسی قوتدانی خواردن.
- قورسی هەناسەدان.
-گۆڕانی دەنگ.
چارەسەرەکانی :-
١- بۆ ئەو کەسانەی کە هیچ نیشانەیەکیان نییە، و تەنها هۆڕمۆنەکانی غوددەیان زیاد دەردەدرێت، تەنها پێویستیان بە دانانی پارێزییە لەلایەن پزیشکەکانیانەوە وەک دوورکەوتنەوە لە خواردنی هەر سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بە ماددەی یۆد.
٢- نەشتەرگەری، کە چارەسەری بنەبڕی نەخۆشییەکەیە.
٣-دەرمانی دژە غوددە وەک(methimazole, propylthiouracil).