نەخۆشەکانی غوددەو گرێکانی سەرو مل

هەوکردنی ڕژێنی پەریزاد (غوددە)ی نیمچە تیژ چییە؟


کاردانەوەیەکی بەرگرییانەی ڕژێنی پەریزاد(غوددە)یە، کە بەزۆری دوابەدوای تووشبوونی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە بە نەخۆشی ڕوودەدات.

هۆکارەکانی:
وادادەنرێت کە لە ئەنجامی تووشبوونێکی ڤایرۆسییەوە بێت، کە ئەم حاڵەتە زۆرجار دوای چەند هەفتەیەک لە تووشبوونی قورگ و لوت و گوێ بە تووشبوونێکی ڤایرۆسی ڕوودەدات.

نیشانەکانی:

دیارترین نیشانەی بریتییە لە بوونی ئازار لە ملدا، ئەویش بەهۆی هەوکردن و هەڵئاوسانی غوددەکەوە، هەندێ جاریش ئازارەکە دەچێت بۆ چەناگە و گوێیەکان،

لە نیشانەکانی تری وەکو:

-ئازارێکی توند لەکاتی دەست لێدان لە ڕژێنی پەریزاد(غوددە)کە.
-قورسی و ئازار لەکاتی قوتدانی خواردن.
-شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی.
-تالێهاتن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.

هەروەها هەوکردنی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) دەبێتە هۆی زیاد دەردانی هۆڕمۆنی غوددە(سايرۆید) لە لایەن خودی ڕژێنەکەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ڕژێنی پەریزاد(غوددە)ی زیادکار وەکو:

-هەڵوەرینی موو
-هەستکردن بە گەرمابوون
-دەست لەرزین
-ئارەقکردنەوە
-دابەزینی کێش
-ناڕێکی سووڕی مانگانە
-تێکچونی میزاج و باری دەروونی

وە دوای چاکبونەوەی ڕژێنەکە ڕەنگە تووشی کەمی دەردانی هۆڕمۆنی سایرۆید ببێتەوە بۆ ماوەیەک، وە پاشان بە پێچەوانەوە ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ڕژێنی پەریزاد(غوددە)ی کەمکار وەکو:

-بەرگە نەگرتنی سەرما
-وشکبوونی پێست
-زیادبوونی کێش
-قەبزی
-هتد.. 

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:

 لە ڕێگەی ڕاوێژی پزیشکی و پشکنینی ملی نەخۆشەکە لە لایەن پزیشکەوە دەبێت، وە هەروەها لە ڕێگەی کۆمەڵێک پشکنینی تاقیگەییەوە وەکو:
-TSH
-T3 & T4
-CRP 


چارەسەرکردن:
لە ڕێگە دەرمانەوە دەبێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردنی غوددەکە، هەروەها بە چارەسەرکردنی زیاد دەردانی هۆڕمۆنی سایرۆید ( غوددەی زیادکار)، وە هەروەها لەکاتی چاکبوونەوەی غوددەکە کە بەرەو غوددەی تەمەڵ دەچێت بۆ ماوەیەک، پاشان دەستدەکرێت بە چارەسەرکردنی غوددە تەمەڵەکە ئەویش بە پێدانی هۆڕمۆنی سایرۆید.