چالاکە ڕژێنی پەریزاد (غوددەی دەرەقی) چییە؟
ڕژێنی پەریزادە ڕژێنێکی شێوە پەپولەییە لەبەشی پێشەوەی مل، و ئەرکی دەردانی ئەو هۆڕمۆنانەیە کە شێوازی بەکاربردنی وزە لەلەشدا رێکدەخەن، بەم شێوازەش کاریگەرییان هەیە لەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستە. بە دەردانی بڕێکی زیاد لەوهۆڕمۆنانە لەلایەن ڕژێنی پەریزادەوە بۆناو خوێن دەوترێت چالاکە ڕژێنی پەریزاد
ئەرکی هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد چییە لەکاتی سکپڕیدا؟
هۆڕمۆنەکانی ڕژێنی پەریزاد دەورێکی سەرەکی و گرنگیان هەیە بۆ گەشەکردنی مێشک و کۆئەندامی دەماری کۆرپەلە، هەر ناڕێکییەک لەهۆڕمۆنەکانی دایکەکەدا کاریگەری نەرێنی دادەنێت لەسەر گەشەی کۆرپەلە.
لەسێ مانگی سەرەتای سکپڕیدا کۆرپەلە بەتەواوەتی پشت بەهۆڕمۆنی دایکەکە دەبەستێت، کە لەڕێگەی وێڵاشەوە پێی دەگات، هەرچەندە لە دوای دوانزە هەفتەییەوە ڕژێنی پەریزادی کۆرپەلە هۆڕمۆن بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تا هەژدە بۆ بیست هەفتەیی ناتوانێت بڕی پێویست بەرهەم بهێنێت و پشت بەهۆڕمۆنی دایک دەبەستێت.
نیشانەکانی چالاکە ڕژێنی پەریزاد لەکاتی سکپڕیدا:
١-خێرایی و ناڕێکی لێدانەکانی دڵ.
٢-ئارام نەگرتن و زوو بێزاربوون بەکەشی گەرم.
٣-شەکەتی و زوو ماندوو بوون.
٤-دەست لەرزین.
٥-دابەزینی کێش یان زیاد نەبوونی تەندروستی کێش لە کاتی سکپڕیدا.
چی دەبێتە هۆی چالاکە ڕژێنی پەریزاد لە کاتی سکپڕیدا؟
١-نەخۆشی (گرەیڤس): بەهۆکاری سەرەکی چالاکە ڕژێنی پەریزادە دادەنرێت لە کاتی سکپڕیدا، لەهەموو هەزار سکپڕییەک لە ئەمەریکادا یەک بۆ چواریان تووشی نەخۆشی (گرەیڤس) دەبن.
گرەیڤس: یەکێکە لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی بەرگری، کەتێیدا کۆئەندامی بەرگری دژە تەنێک دەردەدات کار لە ڕژێنی پەریزاد دەکات، وادەکات بڕێکی زیاتر هۆڕمۆن بەرهەم بهێنێت.
دەگونجێت نەخۆشی (گرەیڤس) بۆیەکەم جار لەکاتی سکپڕیدا دەربکەوێت، بەڵام ئەگەر ئافرەتێک پێشتر نەخۆشی (گرەیڤس)ی هەبێت، ئەوە دەگونجێت نیشانەکانی لە چارەکی دووەم و سێیەمی سکپڕییەکەیدا باش بوون بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام لەچەند مانگی دوای سکپڕییەکەیدا نیشانەکانی تووندتر دەبن بەهۆی چالاکبوونەوەی کۆئەندامی بەرگری دایک.
٢-بەڕێژەیەکی کەمتر هۆکاری چالاکی ڕژێنی پەریزاد لەکاتی سکپڕیدا بەهۆی بوونی چالاکە گرێیەک یان زیاترەوەیە لەڕژێنی پەریزاددا.
کاریگەری چالاکە ڕژێنی پەریزاد لەسەر دایک و کۆرپەلە چییە؟
ئەگەرچالاکە ڕژێنی پەریزاد چارەسەر نەکرێت لەکاتی سکپڕیدا دەبێتە هۆی:
- لەبارچوون.
- لەدایکبوونی ناباکام.
-کەم کێشی منداڵەکە.
-(پری ئیکلامپسیا) : بەرزبوونەوەی مەترسیداری فشاری خوێن لەکۆتاییەکانی سکپڕیدا.
-(سایرۆید ستۆرم): تووند بوونی زۆر و لەناکاو و مەترسیداری نیشانەکانی چالاکە ڕژێنی پەریزاد.
کاریگەری چالاکە ڕژێنی پەریزاد لەسەر منداڵی تازە لەدایکبوو چییە؟
- خێرا لێدانی دڵ، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی شکستی دڵ (heart failure).
- زوو داخستنەوەی نەرمایی کاسەی سەر.
- زیاد نەبوونی تەندروستی کێش.
- پەشۆکاوی (irritability).
- گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد پەستان دەخاتە سەر ڕێڕەوی هەناسەی منداڵ و هەناسەدانی گران دەکات.
چۆن پزیشک نەخۆشی چالاکە ڕژێنی پەریزاد دیاریدەکات؟
-پرسینی مێژووی نەخۆشی و نیشانەکانی.
-پشکنینی کلینیکی نەخۆش.
-شیکاری خوێن.
چارەسەری چالاکە ڕژێنی پەریزاد لەکاتی سکپڕیدا چییە؟
- دەرمانی دژە ڕژێنی پەریزاد: ئەم دەرمانە کار دەکاتە سەر ڕژێنی پەریزاد، وادەکات کە بڕێکی کەمتر لەهۆڕمۆن دەربدات.
- نەشتەرگەری لابردنی بەشێک یان تەواوی ڕژێنی پەریزاد: لەو کەسانەدا کە هەستیارییان بەدەرمان هەیە، یان ڕژێنەکەیان گرێی هەیە.