بریتییە لە گەورەبوونی نا ئاسایی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) بە هۆی دروستبوونی چەند گرێیەک لە ناویدا، وە یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان کە تووشی ڕژێنی پەریزاد(غوددە) دەبێت، وە زیاتر باوە لە کەسانی بەتەمەندا و بەتایبەتی ئافرەتان.
هۆکارەکانی غوددەی گەورەبووی فرە گرێ چین؟
زۆربەی ئەو حاڵەتانەی غوددەی گەورەبووی فرە گرێیان هەیە هۆکارەکەکەی نەزانراوە، بەڵام دەکرێت بەهۆی کەمی( ئایۆداین )ەوە بێت کە لە خواردنەوە وەری دەگرین، وە غوددەمان بەکاری دەهێنێت بۆ دروستکردنی هۆڕمۆن، یاخود دەکرێت پەیوەندی بە بۆماوەوە هەبێت و لە ناو خێزاندا بمێنێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تا ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە و دیاریکراو نییە.
نیشانەکانی غوددەی گەورەبووی فرە گرێ چییە؟
زۆربەی جار غوددەی گەورەبووی فرە گرێ نابێتە هۆی هیچ نیشانەیەک، دەرکەوتنی نیشانەکان پشت دەبەستێت بە قەبارە و ئیشی گرێکانەوە [ئایا بە بڕێکی ئاسایی هۆڕمۆن دەردەدەن، یان هۆڕمۆن کەم دەردەدەن، یان هۆڕمۆن زۆر دەردەدەن کە ئەمەیان پێشی دەڵێن غوددەی گەورەبووی فرە گرێی ژەهراوی Toxic Multinodular goiter].
- دەتوانین بڵێین نیشانەکان زیاتر هەست پێ ئەکرێت کاتێک گرێکان لە جۆری سێیەم بن، کە هەمان نیشانەکانی غوددەی پڕکاری هەیە لەوانە :
١. زوو توڕەبوون و بێتاقەتی.
٢. دابەزینی کێشی لەش لە ماوەیەکی کەمدا بێ هۆکار.
٣.لەرزینی دەستەکان.
٤.ئارەقکردنەوەی زۆر و بەرگە نەگرتنی گەرما.
٥.سکچوون.
- یاخود کاتێک غوددەکە زۆر گەورە دەبێت و پەستان دەخاتە سەر دەوروبەری ڕژێنەکە، دەبێتە هۆی چەند نیشانەیەک لەوانە :
١.هەناسە توندبوون.
٢.هەستکردن بە ناڕەحەتی لەسەر سنگ.
٣.ناڕەحەتی لەکاتی قوتدانی خواردن.
- هەندێک جاریش دەکرێت غوددەکە ئەوەندە گەورە بێت بە چاوی ئاسایی ببینرێت.
چارەسەری غوددەی گەورەبووی فرە گرێ چییە؟
دووبارە چارەسەرکردنی پشت ئەبەستێ بە قەبارەی غوددەکە و ئیشکردنی گرێکان و ئایا گرێکان پاکن یان شێرپەنجەیین، چونکە ( ١٠٪-٣٠٪) لەو حاڵەتانەی کە غوددەی گەورەبووی فرە گرێیان هەیە دەکرێت گرێکانیان شێرپەنجەیی بێت.
ئەو حاڵەتانەی کە گرێکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی ئیش دەکەن و هیچ نیشانەکیان نییە تەنها پێویستیان بە چاودێری دەبێت، بەڵام ئەوانەی کە گرێکانیان زۆر هۆڕمۆن دەردەدات یان شێرپەنجەیین یانیش زۆر گەورەن، چارەسەر دەکرێن بە بەکارهێنانی دەرمان و تیشک و هەروەها نەشتەرگەری لابردنی ڕژێنی غوددە، کە ئەمانەش هەمووی پشت دەبەستێت بە جۆری گرێکانەوە.