نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

شێرپەنجەی مەمکی پیاوان


شێرپەنجەی مەمک ڕوودەدات کاتێک ھەندێک لە خانەکانی مەمک زۆر بە خێراتر لە خانە تەندروستەکان دابەشدەبن و کەڵەکەدەبن و بەیەکەوە لوویەک دروستەکەن، کە ڕەنگە بڵاوببێتەوە بۆ نزیکە شانەکان، لیمفەگرێکان یان بەشەکانی تری لەش.
شێرپەنجەی مەمکی پیاوان شێرپەنجەیەکی دەگمەنە لەناو شانەی مەمکی پیاواندا پەرەدەسێنێت، دەرکەوتن و بڵاوبوونەوە و ڕەفتاری ئەم شێرپەنجەیە لەگەڵ پشکنین و چارەسەرەکانی ھاوشێوەی شێرپەنجەی مەمکە لە ئافرەتان.

شێوازی ئەو شێرپەنجانەی مەمک لە پیاواندا دەستنیشانکراون ئەمانەن:
١- Invasive ductal carcinoma: زۆرترینی  شێرپەنجەکان لەم شێوازەن(٩٠٪)، خانە شێرپەنجەییەکان لەناو جۆگەکان دروستەبن و چینەکانی دەبڕن.
٢- DCIS  : خانە شێرپەنجەییەکان لەناو جۆگەکاندان، بەڵام چینەکانیان نەبڕیوون(١٠٪).
٣- lobular carcinoma: شێرپەنجەی ناو ڕژێنەکان، ئەم شێوازە نابینرێ لە شێرپەنجەی مەمکی پیاوان، چونکە ژمارەی ڕژێنەکان لەپیاواندا کەمترە.

ھۆکارەکان:
ھۆکاری سەرەکی ڕوون نییە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆرباو پەیوەندی بەبازدانی جینی  (BRCA2)ەوە ھەیە، وە ئەو ھۆکارانەشی کە مەترسی شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا زیاددەکەن ئەمانەن:
١- بەساڵاچوون (زیاتر لە شەستەکانی تەمەن دەردەکەوێت).
٢- زۆر بەرکەوتنی ئیسترۆجین ( ئەو پیاوانەی شێرپەنجەی پڕۆستاتیان ھەیە و لەسەر دەرمانی ئیسترۆجینن).
٣- مێژووی خێزانی(ھەبوونی ھەمان شێرپەنجە لە ئەندامانی خێزان).
٤- نەخۆشی کلاینفێڵتەر(نەخۆشیەکی بۆماوەییە لەپیاواندا بەوە دەناسرێن کرۆمۆسۆمێکی زیادەی (x)یان ھەیە).
٥- نەخۆشی جگەر (وەک بە مۆمبوون کە تیایدا ھۆڕمۆنە نێرینەکان کەم دەکات و ھۆڕمۆنە مێینەکان زیاددەکات).
٦- قەڵەوی.
٧- نەخۆشی(ھەوکردن) یان نەشتەرگەری لابردنی گوونەکان.

نیشانەکانی:
-ھەستکردن بە لوویەکی بێ ئازار، یان ئەستووربوونی شانەی مەمکەکە لەلایەک.
-گۆڕانی پێستی دەورووبەری مەمکەکە، سووربوونەوە، چاڵبوونی( چوونە ناوەوی پێستەکە).
-گۆڕانی شێوە و قەبارەی گۆی مەمکەکە، چوونە ناوەوەوی گۆی مەمکەکە و دەردراوی ڕوون یان خوێناوی.
-ئاوسانی لیمفەگرێکانی ژێرباڵ.

٭ئەم نیشانانە بەزۆری لەگەڵ شێرپەنجەی مەمک دەڕۆن بەڵام پێش ناردن بۆ پشکنینەکان بیر لەچەند حاڵەتێکی تردەکرێتەوە، لەوانە:
-مەمک زلێنەی پیاوان
-دوومەڵی مەمک
-لووی چەوری
-سارکۆما(پەنامی گۆشتی)
-گواستەنەوەی شێرپەنجە لە شوێنێکی ترەوە بۆ مەمکەکان.


پشکنینەکان:
١- تیشکی مەمک (مامۆگرافی).
٢- تەماشاکردنی نموونەیەک لە دەردراوی گۆی مەمکەکە لەژێر وردبیندا، بۆ دۆزینەوەی ھەر خانەیەکی شێرپەنجەیی گەرھەبێ.
٣- سۆنەر(ھەر نائاساییەتییەک ھەبێ پێمان دەڵێ ڕەقە یان شلەی تیادایە).
٤- شانه هەڵگری مەمک ،واتە وەرگرتنی نموونە لە گرێی مەمک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گرێکە لەژێر وردبیندا.( بۆ دیاریکردنی قەبارە و شێوە و جۆری شێرپەنجەکە).

چارەسەر:
باشترین چارەسەر بەگوێرەی دوو شت دیاریدەکرێت:
١- قۆناغی شێرپەنجەکە کە چوارن.
٢- سروشتی خانەکانی شێرپەنجەکە( بوون و نەبوونی ھەستیاری و وەرگر بۆ ئیسترۆجین ER، پرۆجیسترۆن PR و پڕۆتینی ھاندەری گەشەHER2  لەسەر ڕووی خانە شێرپەنجەییەکان).

چارەسەرییەکانیش ئەمانەن:
ـ نەشتەرگەری
ـ ـچارەسەری کیمیایی
ـ چارەسەری تیشک
ـ چارەسەر بە ھۆڕمۆن((٨٠٪)ی نەخۆشەکان ھەستیارن بە ئیسترۆجین، (٧٥٪)یان بە پرۆجیسترۆن و (٣٥٪)یان زۆرتر لەئاسایی HER2 دەردەخەن لەسەر ڕووەکانیان).

چەند تێبینییەک: 
٭تامۆکسیفین زۆر بەسوودە بۆ شێرپەنجەی مەمکی پیاوان.
٭پێشبینی خراپ بەرەوپێشچوونی ئەم شێرپەنجەیە لە پیاوان بە بەراورد بە ئافرەتان زیاترە و ڕێژەی مردنیشیان زیاترە.
٭ساڵانە شێرپەنجەی مەمکی پیاوان زیاددەکات، بەڵام ڕێژەی مردنیان بەم شێرپەنجەیە کەم دەکات.
٭شێرپەنجەی مەمکی پیاوان زۆرجار لەقۆناغێکی زۆر بەرەوپێشچووی نەخۆشییەکەدا پێی ئەزانرێت، بەھۆی نەبوونی ھۆشیاری سکرینینگ بۆ شێرپەنجەی مەمک لەنێوان پیاواندا.
*سکرینینگ:پشکنینێکی ئاسایی و تێچوو کەمە، بۆ کۆمەڵێک کەس دەکرێت کە مەترسی نەخۆشییەکیان لێدەکرێت، کە دەتوانرێ زوو دەسنیشانبکرێ و چارەسەربکرێ.