نەخۆشەکانی مەمک و گرێکانی سەرو مل

ئاوسانی لیمفی پاش چارەسەری تیشکی مەمک


بریتییە لە ئاوسانی لیمفی پەلی سەرەوە، کە پێکھاتووە لە قۆڵ و دەستەکان، ھەندێک جاریش ناوچەی مەمک و ژێر باڵ و سنگ وەک کاریگەری لاوەکی ئەو چارەسەرە تیشکەی وەردەگیرێت بۆ شێرپەنجەی مەمک، ئەکرێت لە ھەندێک کەسدا ڕووبدات لە دوای چەند مانگێک یان چەند ساڵێک لە وەرگرتنی چارەسەر. ئەو ماددەیەی کە کۆدەبێتەوە و دەبێتە ھۆی ئاوسانەکە، شلەیەکی ڕوونی ناو لەشە کە بە ئاسایی لە لەشدا دەسوڕێتەوە وەک بەشێک لە کۆئەندامی بەرگری پێی دەوترێت شلەی لیمف، بەڵام لە دوای چارەسەری تیشکی بەھۆی زیان گەشتن بە ھەندێک لە لیمفە لوولەکان یاخود لیمفەگرێکان، دوای ماوەیەک دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی شلەی لیمف لەو ناوچەیەدا، وە نەگەڕانەوەی بە ئاسانی بۆ لەش و دروستبوونی ئاوسان.

نیشانەکانی ئاوسانی لیمفی پاش چارەسەری تیشکی مەمک چییە؟ و چی بکرێت کاتێک تێبینی ئەم نیشانانەت کرد؟
١.ئاوسانی دەست و قۆڵ و ھەندێک جار سنگ و ناوچەی مەمک و ژێر باڵ.
٢.سڕبوون و گۆڕانی ھەست لەو لایەی کە تیشکەکەی بۆ کراوە.
٣.ئازار و قورس بوونی ئەو لایە و ھەست کردن بە توندی لە دەستەکاندا و بە ئاسان نەجووڵانی.

کاتێک تێبینی ئەم نیشانانەت کرد، سەردانی پزیشکەکەت بکە بۆ ڕێ و شوێنی پێویست.